قوباد تاڵەبانی: بەشداری کردن یان نەکردنی پارتی لە هەڵبژاردن بۆ یەکێتی گرنگ نییە

قوباد تاڵەبانی وێڕای ئاماژە بەوەی بەشداری کردن یان نەکردنی پارتی لە هەڵبژاردن بۆ یەکێتی گرنگ نییە، ڕاشیگەیاند؛ بۆ هەڵبژاردن لەگەڵ پارتی کۆنابینەوە.

قوباد تاڵەبانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، یەکێتی بۆ هەڵبژاردن ئامادەیە و چاوەڕوانی دیاری کردنی ڕۆژی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەن.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە میانی کردنەوەی یەکتربڕی باخی بەختیاریی، وەڵامی پرسیاری ڕاگەیاندنەکانی دایەوە و وتی کە ئەوان وەک یەکێتی ئامادەن بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەى بەوەشکرد، لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەوە پێویستیان بەوە نییە لەگەڵ پارتی کۆبوونەوە بکەن.

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی ڕوونکردەوە، کە یەکێتی لە چاوەڕوانی دیاری کردنی ڕۆژێکە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن و ئامادەکاریی تەواویان بۆ بەڕێوەچوونى پرۆسەکە کردووە.

وتیشی، بەشداری کردن یان نەکردنی پارتی بۆ ئەوان گرنگ نییە و پرسێکە پەیوەندیی بەو حزبە هەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر بە هۆی بایکۆتی پارتییەوە، کۆمسیۆن نەیتوانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراودا بەڕێوەببات.