قازانجی 2 ملیار دیناریی مانگانەی هەشت ماری مەسرور بارزانی

بە گوێرەی ماڵپەڕی فەرمی “هەژماری من”، بانکە بەشدارەکانی پرۆژەکە، مانگانە دوو هەزار دینار لە هەر مووچەخۆرێک دەگێڕنەوە، وەک کرێی وەرگرتن و پێدانی مووچەکانیان.

تا سەرەتای ئایاری ئەمساڵ زیاتر لە ٢٦٠ هەزار مووچەخۆر لە پڕۆژەی هەماری من تۆمارکراون و ١٥٣ هەزار کارتی بانکییش بە مووچەخۆران دراوەتەوە. پلانی حکوومەت ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ یەک ملیۆن مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمار بکرێن.

کاتێک یەک ملیۆن مووچەخۆر لەڕێگەی بانکە بەشدارەکانی پڕۆژەی “هەژماری من” مووچەکانیان وەردەگرن و بڕی دوو هەزار دیناری مانگانە لە هەر یەکێکیان دەبڕدرێت وەک کرێی وەرگرتنی مووچە، بەسەریەکەوە داهاتی بانکەکان تەنیا لە کرێی پێدانی مووچە، دوو ملیار دیناری مانگانەیە و ئەو قازانجە لە ساڵێکدا بۆ ٢٤ ملیار دیناری عێراقی بەرزدەبێتەوە.

بە پێی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان، تەنیا لە هەولێر ٢٥ هەزار مووچەخۆر مووچەی مانگی نیسانیان لە ڕێگەی بانکەکانی “هەژماری من”ەوە وەرگرتووە، داهاتی تەنیا ئەو ژمارەیە لە مووچەخۆران کە لە کرێی وەرگرتنی مووچەدا بەرجەستە دەبێتەوە، بڕی ٥٠ ملیۆن دینار بووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی “هەژماری من”دا، پێشخەری بە بانکەکانی کەرتی تایبەت دا، بە پاساوی شکستخواردوویی بانکە حکومییەکان.

وەزارەتی دارایی و ئابوری پێداگیری دەکات کە هەژماری من پرۆژەیەکی گشتگیری دارایی پێشکەوتووە کە ئامانج لێی دابینکردنی ڕێگەیەکی پارێزراو و گونجاوە بۆ دەست ڕاگەیشتن بە چەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی سەردەم.

تا ئێستا جگە لە بانکی بازرگانی عێراق، شەش بانکی کەرتی تایبەت هاوبەشییان لە پڕۆژەی “هەژماری من”دا کردووە، کە بانکەکانی “ئار تی بانک، بانکی نیشتمانی عێراق، بانکی ئیسلامی عێراق، بانکی جیهان، بانکی بەغداد و بانکی بی ئەی سی” دەگرێتەوە.

سەبارەت بە بانکی بازرگانی عێراق، هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە بانکەکە بەشداری لە پرۆژەی “هەژماری من”دا کردووە و ناوی بانکەکەیش خراوەتە سەر ماڵپەڕی فەرمی پڕۆژەکەوە، بەڵام بانکی بازرگانی عێراق خۆی پێداگیری لەوە دەکات کە پاڵپشت بە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق و وەک بانکێکی حکومی فیدڕاڵی، پرۆژەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبات.