فەزیحەی میدیای کوردی
بەدەر لەو هەموو کێشە و خاڵە لاوازەی میدیای کوردی کە لە ڕابردووەوە تا ئێستا هەبووە و بەردەوامە، لەم ماوەیەدا چوونە ناو ژیانی کەسی کۆمەڵگا بووەتە دیاردەیەکی نوێی میدیای کوردی و ئەمەش خەڵکی بە تەواوی نیگەران کردووە.
ڕۆژنامەنووسە بێ ئەزموونەکانی کوردستان لەم ڕۆژانەدا دەچنە ناو ژیانی تاک بە تاکی خەڵک و لە کاتی ڕوودانی هەر کێشەیەکی بچووک و گەورە، دەیان میدیا بە شێوازی جیاجیا ڕووماڵی ئەو ڕووداوانە دەکەن، تەنانەت وێنە و ناوی ئەو کەس و خێزانانە بە ڕوونی پیشان دەدەن کە کارەساتەکەیان بەسەردا هاتووە.
ئەم شێوازەی کاری میدیا تەنیا لە هەرێمی کوردستاندا دەبینرێت، شێوازێک کە بووەتە دیاردە و کەناڵەکەی سەرۆکی هەرێمیش کە بانگەشەی یەکەمی بێ ڕکابەر دەکات، بووەتە سەرقافڵەی سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە لە هەرێمی کوردستان. ئەوە لە شاهۆ ئەمین بێژەرەکەی هەواڵەکانی کاتژمێر 8 کە یەکسەر باسی سێکس دەکات و ئەوەش لە بەرنامە و بەشە هەواڵە تایبەتەکانی دیکەی ئەم کەناڵە کە یەکسەر بووەتە شوێنی ئاشکراکردنی کێشە گەورە و بچووکەکانی خێزانەکانی کوردستان.
میدیای کوردی لە کاتێکدا ئەم هەڵسووکەوتە نەشیاوەی بەرامبەر بە کۆمەڵگا هەیە کە ڕەنگە خەڵک ڕازی نەبن لە کاتی ڕووداوەکاندا ئەو هەموو میدیا و ڕۆژنامەنووسانە کێشەکانیان زیاتر بکەن.
لە ڕۆژانی ڕابردوو کێشەی ئەو پیاوەی کە بە هۆی پلانی هێنانی ژنی دووەمەوە ماڵی خەزوری هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی و ئەو هەموو چاوپێکەوتن و هەواڵەی لە سەر کێشە تایبەتەکانی ئەو خێزانە بڵاو کرایەوە و تەنانەت دەستیان بردە کێشەکانی وەک بابەتی سێکسی هەر دوو هاوسەرەکەوە، دیمەنێکی دیکەی لاوازبوون و فەزیحەی میدیای کوردیی بۆ هەمووان ئاشکرا کردەوە.
دەتوانین بڵێین کە میدیای کوردی نەک تەنیا چووەتە ماڵەکانەوە، بەڵکوو لەوپەڕی بێ ئەخلاقیدا چووەتە ژووری نووستنی هاوسەرەکانیشەوە.