فیشەکەکەی ئەدهەم بارزانی چۆن پارتییەکانی پێکا؟

پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەدهەم بارزانی کەسایەتی سیاسی و نەیاری بنەماڵەی بارزانی، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

ئەدهەم بارزانی داوای لە کوردانی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان کرد کە دەنگ بە لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی بدەن و ڕایگەیاند کە ئەوەی بتوانێت خزمەتی ئەو ناوچانە بکات بافڵ تاڵەبانی و کاندیدەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانن.

ئەم پەیام و داواکارییەی ئەدهەم بارزانی وەک یەکەم ئەزموونی تاقیکردنەوەی ناوبراو دێت لە پاش جیابوونەوەی لە پارتی دیمۆکراتی کوردستان و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی چالاکییەکانی.

ئەوەی لە کەرکوک و جێناکۆکەکانی دیکە بینرا و ئەو دەنگەی کە یەکێتی بە دەستی هێنا، بەشێکی بۆ پێگە و داواکەی ئەدهەم بارزانی دەگەڕێتەوە. ناوبراو لەم ماوەیەدا بە هەڵوێستەکانی بە تایبەت لە بەرامبەر تورکیای داگیرکار وەک کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر دەرکەوت و ئەوەی سەلماند کە هێشتا لە دڵی ئەم نیشتمانەدا کەسانێک هەن خۆیان لە پێناو ئازادی و سەربەرزی کورد و کوردستاندا بەخت دەکەن.

پەیامەکەی ئەدهەم بارزانی وەک یەکەم فیشەک بوو کە بە پارتییەوە لە کەرکوکدا نرا و بێگومان بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەوە ڕوون کرایەوە کە ئەو فیشەکە بە تەواوی پارتییەکان بە تایبەت کەمال ناکەرکوکیی پێکا.

لە یەکەم ئەزمووندا ئەدهەم بارزانی سەرکەتووانە خۆیی نمایش کرد و دەبێت چاوەڕوانی گەڕی دووەمی چالاکییەکانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بین کە بزانین چۆن پارتی تووشی شکستی دووەم دەکات.