فازڵ میرانی: ئەنجامی خەباتی کورد ئەوە بووە کە لە عێراق شەڕی مووچە دەکات

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە کە ئەنجامی خەباتی کورد لە عێراق ئەوە بووە کە کێشەکانی تەنیا وەک مووچە دەرکەوتووە.

فازڵ میرانی لە نووسینێکدا داوایکردووە کە لە عێراق ئەنجومەنێکی سیاسی پێک بهێندرێت تا ڕێگە نەدات دەقە دەستوورییەکان کاریگەری سیاسی لە سەر بەڕێوەبردن و بەکارهێنانی پێگەی حکومییەکان وەک ئامرازێک بۆ تەسفیەی حیسابات بە مەبەستی گەیشتن بە نیازی سیاسی لە ژێر پەردەی یاسایی و میریدا هەبێت.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئێمە خەباتمان بۆ ئەوە نەکردووە کە کێشەکانمان تەنیا وەک وەرگرتنی مووچە لە بەغدا باس بکرێت.

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاندووە کە خەباتی ئێمە لە تەمەنی ئەوانە زیاترە کە ئێستە لە پێگە و جێگەی بڕیارداندان.

فازڵ میرانی بێ ئەوەی کە ڕەخنە لە دەسەڵاتی حیزبەکەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بگرێت تەنیا لایەنی عێراقیی تۆمەتبار کردووە و باسی ئەوەی نەکردووە کە کێ وای لە هەرێمی کوردستان کردووە ئەوەندە کێشەی مووچەی هەبێت تەنیا چاوەڕوانی بەغدا بێت بڕە پارەیەکی بۆ بنێرێت.