فاتیحەی مووچە خوێندرا

بەم حاڵەی حکومەتی هەرێم و پەیوەندییەکانی لە گەڵ بەغدا، پێناچێت مووچەخۆران بە ئاسانی و بێ کێشە و گرفت بتوانن مووچەکانیان تەنانەت بە نیوەچڵی وەربگرن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی یاسای بودجەی عێراق نەبووە. لە بری 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، تەنیا 85 هەزاری ڕادەستی سۆمۆ کردووە. داهاتە نانەوتییەکانیش نەناردووەتە خەزێنەی حکومەتی عێراق. بەمەشەوە بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئێمە تەواوی پابەندبوونەکانمان جێبەجێ کردووە و هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ نەناردنی پشکە بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران.

حکومەتی عێراقیش لە سەر زاری وەزیری دارایی و وتەبێژی حکومەتەوە ڕاستییەکەی ئاشکرا کردووە کە مەسرور بارزانی و حکومەتەکەی پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان لە چوارچێوەی یاسای بودجە نەبوون و هەرێم زیاتر لە پشکی خۆی بودجەی وەرگرتووە.

وتەبێژی حکومەتی هەرێمیش تا ئێستا دە جار لە گەڵ وەزیری دارایی ڕایگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان پارەیەکی بۆ دابەشکردنی مووچە نییە.

ئەگەر ئەمجارەش بە هەر پینە و پەڕۆ و قەرز و قۆڵەیەک مووچەی مانگێک بە مووچەخۆران درا، چارەنووسی مانگەکانی دیکە چۆن دەبێت. بە دڵنیاییەوە دەگاتە ئاستێک کە فەرمانبەران ئیشی دیکە بۆ خۆیان بدۆزنەوە و واز لە ئیشی حکومی بێنن.

نابێت مانگێک لە دوام بیت و بۆ پارەکەی بپاڕێیتەوە. ئەمە کەی حکومەتە، تەنانەت تاڵیبانی ئەفغانستانیش واینەکردووە. بەس یەک ئەزموون هەیە و ئەویش دەسکەوت و ئەزموونەکەی هەرێمی کوردستانە کە دەڵێت ئێمە نموونەی حکومڕانین و با گەلان و وڵاتانی دیکە لە ئێمەوە فێر ببن.