غالب محەمەد: مەسعود بارزانی مووچە لە بەغدا وەردەگرێت

پەرلەمانتارێکی پێشووی کورد لە بەغدا ڕایگەیاندووە کە سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان مووچەی خانەنشینی ئەنجومەنی حوکم لە بەغدا وەردەگرێت بەڵام ئێستا ئەو حیزبە دژی دابەشکردنی ڕاستەوخۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە.

غالب محەمەد لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندووە کە نەوتی سپی، بەنزین، دەرمان و پارەی جوتیاران لە بەغداوە بە پێی پارێزگاکان بۆ هەرێمی کوردستان دێت نەک بۆ هەرێمی کوردستان بە گشتی و تا ئێستا هیچ مەترسییەکیش لە سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان نەبووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئێستا لە سەر خواستی زۆربەی فەرمانبەران، هەوڵێک هەیە کە مووچە لە بەغداوە ڕاستەوخۆ لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دابەش بکرێت بەڵام پارتی دیمۆکراتی کوردستان و حکومەتەکەی مەسرور بارزانی دژی ئەوەن و دیسانەوە بە خیانەتی نیشتمانی ناوی دەبەن.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی کورد ڕایگەیاندووە کە وەزیر و پەرلەمانتار و پلە باڵاکانی پارتی لە بەغدا مووچە وەردەگرن، ئەوە هیچ کێشەیەکی نەبووە بەڵام بە بۆچوونی ئەو حیزبە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کورد لە لایەن حکومەتی بەغداوە مەترسی دەخاتە سەر قەوارەی هەرێم کە ئەمەش ئەسڵ و ئەساسی نییە.