عەلی حەمەساڵح دەسەڵاتی هەرێم دەکاتە ئامانج

عەلی حەمەساڵح وەک کەسێکی بەتوانا و خاوەن پێگە دەرکەوتووە. هەر لە سەرەتای کاری میدیاییەوە تا بوونی بە پەرلەمانتار و لە ئێستاشدا وەک سیاسەتمەدار و چالاکوانێک.

عەلی حەمەساڵح بە ئاشکراکردنی دۆسیەکانی گەندەڵی لایەنەکانی دەسەڵات و ڕوونکردنەوەی کەموکوڕییەکان ناوبانگێکی زۆری لە کوردستاندا پەیدا کردووە.

لە ئێستادا ئەم چالاکوانە سیاسییە پرۆژەیەکی نوێی بە دەستەوەیە کە لە ئەگەری سەرکەوتنی دەتوانێت دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بکاتە ئامانج و بە گەورەترین هەڕەشەش لە سەر پارتی و یەکێتی دادەنرێت، ڕەنگە ئەمە بتوانێت ببێتە ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە لە هەرێمی کوردستان.

عەلی حەمەساڵح ڕایگەیاندووە کە لە گەڵ کۆمەڵێک لە کەسانی خاوەن بۆچوون لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی و ناوچەکانی دیکە وتوویژ کراوە بۆ یەکخستن و ڕێکخستنی بەرەی ناڕازی لە هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە دەبێت هێزێکی سیاسی نوێ بە پێی ئەم بارودۆخەی کوردستان درووست بکرێت نەک ئەوەی حیزب پشت بە تەنیا کەس و سەرکردەیەک ببەستێت کە بە نەخۆش کەوتن یان مردنی، ئەو حیزبەش کۆتایی بێت.

ڕاشیگەیاندووە کە ئەگەر لیستی هەڵبژاردن لەم بەرە ناڕازییە درووست بکرێت دەیان کەسی دیار و بەتوانای تێدایە.