عەلی حەمەساڵح حکومڕانی هەرێمی کوردستان بە قیزەون ناو دەبات

ئەندامێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندووە کە هێنانی بەنزین لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر و بە پێچەوانەوە قەدەغەیە.

عەلی حەمەساڵح لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نووسینێکی بە ناونیشانی ( حکومڕانی قیزەون، ئەم بەیانییە چیم زانی ) بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە ئەم بەیانییە بەدواداچوونم کرد بۆ گرانبوونی نرخی بەنزین، دەرکەوت کە هێنانی بەنزین لە زۆنی سەوزەوە بۆ زۆنی زەرد قەدەغەیە و لە زۆنی زەردیشەوە بۆ زۆنی سەوز بە هەمان شێوە قەدەغەیە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە هاوردەکردنی بەنزینیش لە عێراقەوە بۆ هەولێر و سلێمانی قەدەغەیە و جگە لەوەش ناهێڵن نەوتی سپی و گازوایلیش لە سلێمانییەوە بچێتە هەولێر و بەو هۆیەوە زۆر گران بووە.

ڕاشیگەیاندووە کە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە سەر نەدانی مووچە و سەرنوگمکردنی داهاتی نەوت و ناوخۆ ڕێکبوون، لە سەر قۆرخکاری سووتەمەنیش ڕێکن، بە داخەوە گۆڕانیش دەبێت بە دوای ئەم ستەمکارییەوە بێت.