عەلی باپیر: دۆخی هەرێم بەرەو خەراپتربوون دەڕوات

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ڕایگەیاند کە پارتی و یەکێتی هۆکاری گەیشتنی هەرێم بە دۆخە خەراپەن و ئەگەر چارەسەریش نەبێت بەرەو خەراپتربوون دەڕوات.

عەلی باپیر ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی ئێستا هۆکاری بوونی ئەم بارودۆخەن لە هەرێمی کوردستان و دەبێت بە خۆیاندا بچنەوە.

دەشڵێت کە خەڵک بە دەست نەبوون و نێوەناچڵیی مووچە و بژێوییەوە دەناڵێنن و ئەمەش وایکردووە کە کێشە و گرفتەکانی دیکە دیار نەبن.

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان وتی کە دەسەڵاتدارانی هەرێم بیرکردنەوە و بوونناسییان چەوتە و وا دەزان خەڵک و وڵات بۆ خزمەتکردنی ئەوان و دەوروبەریان درووستکراون و نەخشەی وڵات وا دادەڕێژن کە بەرژەوەندییەکانیان دابین بکات.

عەلی باپیر وتی کە لە ئەنجامی ئەم بیرکردنەوە سەقەتە لە ناوخۆی هەرێمدا، بەغداش لێمان بێمنەت و بێشەرمە.

ڕاشیگەیاند کە ئومێدم بەوە نییە دەسەڵاتداران بتوانن ئەم دۆخە چاک بکەن و بە خۆیاندا بچنەوە.