عەرەبەکان کوردستان بە جێ دێڵن

لە ساڵانی ڕابردوودا هاتنی عەرەبەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بۆ کوردستان جۆرێک لە بوژانەوەی ئابوریی بۆ شارەکانی هەرێم بە دواوە بووە بەڵام لە ئێستادا بە چەند هۆکارێک بە تایبەت باشتربوونی دۆخی ناوچەکانی دیکەی عێراق، ژمارەیەکی زۆر لە عەرەبەکان هەرێمی کوردستان بە جێ دێڵن.

لە هەرێمی کوردستان هێرشی سەر خەڵک و گەشتیارە عەرەبەکان زیاتر بووە. حکومەت تۆڵەی کەرکوک لە عەرەبەکان دەکاتەوە و خوێندنگە عەرەبییەکان دادەخات، ئەمەش وایکردووە کە خێزانە عەرەبەکان بە ناچاری بگەڕێنەوە.

بازاڕی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بەراورد بە هەرێمی کوردستان باشتر بووە و بژێوی ژیانی خەڵک لەو ناوچانە باشترە و قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان وایکردووە کە عەرەبەکان کوردستان بە شوێنێکی باش نەزانن و تەنانەت ئەو موڵک و ماڵانەش لە لایەن ئەوانەوە کڕدراوە، هەرزانفرۆش دەکرێت و بۆ ناوچەکانی خۆیان دەگەڕێنەوە.

بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوانەکان بە تایبەت دزی، کوشتن، ڕفاندن و دەسدرێژی سێکسی لە هەرێمی کوردستان ڕۆڵی لە گەڕانەوەی عەرەبەکاندا هەبووە و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو بە دەیان تاوانی دژە خێزانە عەرەبەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.

پێشتر لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە هەولێر کڕیاری خانوو، شوققە و ڤێلا زیاتر لە عەرەبەکان بوون، بە جۆرێک کە دەوترا لە 10 کڕیار 4 بۆ 6 کەسیان عەرەبن، بەڵام لە ئێستادا وا نییە و لە سەدا 50 تا 60 دابەزیوە و بە پێچەوانەوە، عەرەبەکان نە تەنیا موڵک ناکڕن بەڵکوو موڵکەکانیان دەفرۆشن.