عەبەی کوێخا موبارەک کەوتەوە دژایەتیکردنی پارتی و بارزانییەکان

کاریگەری شکستەکەی پارتی لە کەرکوک و ئەو ناکۆکییەکی لە نێوان عەبدوڵای کوێخا موبارەک و کەمال ناکەرکوکی هەبووە، وایکردووە کە کوێخاکەی چەمچەماڵ بکەوێتەوە دژایەتیکردنی پارتی و بارزانییەکان و وەک بڵێی پارە و مووچەکەی بڕاوە یان کەم کراوەتەوە.

عەبدوڵای کوێخا موبارەک لە پەیامێکدا بە بۆنەی ساڵی نوێوە ڕایگەیاندووە کە هەر کارەساتێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان ڕوو بدات بەرپرسیاریەتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی پارتی و یەکێتی.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە کوێخاکەی چەمچەماڵ لە لایەن پارتییەوە بۆ دژایەتیکردنی یەکێتی ئامادە کراوە و لە گۆڕان دابڕا. بەڵام خەریکە هەمان زمانی زبری جاران لە دژی پارتی دەست پێدەکاتەوە.

عەبەی کوێخا موبارەک ڕایگەیاندووە کە قەوارەی هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی مەترسییەکی جدی بووەتەوە و تەنیا بە قەیرانی دارایی و بێ مووچەییەوە نەوەستاوەتەوە و خەریکە بە درۆن و مووشەک هەرێم دەکەوێتە مەترسییەکی گەورەوە.

ڕاشیگەیاندووە کە هیچ یەکڕیزییەک بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەکان لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا نییە.

عەبەی کوێخا موبارەک بە توندی ڕەخنەی لە حکومەتەکەی مەسرور بارزانی گرتووە و ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا چاکسازی ڕیشەی نەکراوە بە تایبەت لە گەشەی ئابوری و هێزی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایشدا و ئەوەی کە کراوە تەنیا ڕووکەشە و بەرگەی هیچ تەحەدا و لێقەومانێک ناگرێت.

لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە ئۆباڵی هەر کارەساتێک بە سەر هەرێمی کوردستاندا بێت لە ئەستۆی پارتی و یەکێتییە وەک دوو لایەنی سەرەکی دەسەڵات.