عەبدولەتیف سەلەفی جولەکەبوونت پیرۆز!!

ڕابەری سەلەفییەکانی کوردستان کە بە سەرقافڵەی توندڕەوەکان دەناسرێت، وەک بەرگرییەک لە ڕژێمی ئیسرائیلی تیرۆریست، ڕەخنەی لە بزوتنەوەی حەماس گرتووە و شەڕەکەی زریانی ئەقسای وەک بە کوشتدانی ژن و منداڵانی غەززە ناو بردووە.

عەبدولەتیف سەلەفی نازانم ئەوەی بۆ لەبیر کردووە کە خۆی سەرقافڵەی کاروانی توندڕەوەکانی کوردستانە. لە جیهانی ئیسلامدا سەلەفییەکان بە توندڕەوترین تاقم و گرووپ دەناسرێن. ڕەگ و ڕیشەی تەواوی گرووپە تیرۆریستییەکانیش ئایدۆلۆژیا و بیر و هزری توندڕەوی سەلەفییە. کەسێک بەم هەموو پێشینە و توندڕەوییەوە ڕەخنە لە خۆڕاگری حەماس و فەڵەستینییەکان دەگرێت و بە کردەوە چووەتە بەرەی ئەمریکاوە لە ناوچەکە.

ڕابەری سەلەفییەکان کە بەردەوام ئامۆژگاری خەڵک دەکات، بۆ ئەوەی لەبیر کردووە کە ئائینی ئیسلام هیچ کات دەسدرێژی و زوڵمی ڕادەبەدەر قبووڵ ناکات؟ کەی لە ئائینی ئیسلامدا هاتووە دەسدرێژی بکرێتە سەر خاک و خەڵکی موسڵمان و وەڵام نەدرێتەوە؟

مێژوو و بەڵگەکانی ئەوە دەسەلمێنن کە پێکهێنانی قەوارەی جولەکە لە سەر خاکی پیرۆزی فەڵەستین چۆن بووە. ئەم داگیرکارییە کە زلهێزەکانی جیهان بە سەر فەڵەستینییەکاندا سەپاندوویانە، دەیان ساڵە کوشتن و بریندارکردن و گرتن و ئەشکەنجەدانی گەنج و پیر و ژن و مێردی فەڵەستینی لێدەکەوێتەوە. ئەگەر جار و بار ئەو بەرگرییەی فەڵەستینییەکانیش نەبێت ئەمریکا و قەوارەی جولەکە بە تەواوی کۆمەڵکوژیان دەکەن و لە ناویان دەبەن.

عەبدولەتیف سەلەفی کە ئێستا بە هۆی نزیکبوونەوە لە پارتی و ئەمریکییەکانەوە کەوتووەتە بەرگریکردن لە قەوارەی جولەکە و دژایەتیکردنی بزوتنەوەی تێکۆشەری حەماس، ویژدانی لە کوێیە کە ئەو هەموو تاوانەی جولەکەکان و ڕژێمی تیرۆریستی ئیسرائیل دەبینێت و لە جێی ئەوەی دژایەتی زوڵم بکات، دژی زوڵملێکراوەکان هەڵوێست وەردەگرێت.

حەماس و تێکۆشەرانی دیکەی فەڵەستینی ساڵەهایە لەوپەڕی زوڵم و ستەمی ئەمریکا و قەوارەی جولەکە و وڵاتانی ڕۆژئاوا و عەرەبیدا بوونەتە قەڵغانی بەرگری بۆ خەڵکی فەڵەستین. وەک ئاماژە درا، ئەگەر ئەو خۆڕاگری و بەرگرییەی حەماس و جیهادی ئیسلامیش نەبێت بە یەکجار فەڵەستینییەکان کۆمەڵکوژ دەکرێن. وەک چۆن ئێستا بە بەرچاوی وڵاتانی ڕۆژئاوا و عەرەبە لاوازەکانەوە قەوارەی جولەکە وا لەو خەڵکە بێ تاوانە دەکات.

عەبدولەتیف سەلەفی گەورەی توندڕەوەکان دەبێت ئەوە بزانێت کە شەڕەکەی حەماس، بەرگرییەکی ڕەوایە لە پێناو بەدەستهێنانی مافی گەلێک، مافێک کە ئەمڕۆ بێت یان سبەی، بەرهەمەکەی ئازادی فەڵەستین دەبێت.

ڕابەری سەلەفییەکان ئەگەر ئیسلامی دەوێت، ئەوەش دەزانێت کە ڕووگەی یەکەمی موسڵمانان لە خاکی پیرۆزی فەڵەستیندایە و جولەکە داگیری کردووە، نەک تەنیا خەڵکی فەڵەستین، بەڵکوو لە سەر موسڵمانان بە گشتییە کە شەڕی ئازادکردنی بکەن.