عێراق کۆنتڕۆڵی هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەکات

پاش دۆڕاندنی دۆسیەی نەوت و بودجە لە لایەن هەولێرەوە، ئێستا حکومەتی عێراق هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دۆسیەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیش دەدات.

دادگای فیدراڵی عێراق دەرگای بە ڕووی حکومەتی بەغدا کردووەتەوە، ئەویش بە دەرکردنی بڕیاری نایاساییبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و دواتریش کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێم.

ئەگەرچی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان 18 ی مانگی 11 ی ئەمساڵی وەک ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێم دیاریکردووە، بەڵام ئەو بڕیارە بە هۆی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکانەوە کاری پێناکرێت و ئەوە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقە کە بڕیار لە سەر کات و شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دەدات.

لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە کۆبوونەوەیەک لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بەڕێوە بچێت. هەر چی هەبێت دەسکەوتێکی دیکەی حکومەتی بەغدایە بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی هەرێم و کۆنتڕۆڵکردنی هەڵبژاردنەکان، لە پاش ئەو شکستەی لە دۆسیەی نەوت و بودجە بەرۆکی هەولێری گرتەوە.