عێراق کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی تووشی قەیران کردووە

ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کۆنتڕۆڵکردنی دۆسیەی نەوت لە لایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە وایکردووە کە زۆربەی ئەو کۆمپانیانەی لە کەرتی نەوتی هەرێمدا کار دەکەن تووشی قەیران بن.

بە هۆی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لە 25 ی ئازاری 2023 ەوە تا ئێستا بەردەوامە، زۆربەی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم بەشێکی بەرچاو لە فەرمانبەرەکانیان ناردووەتە ماڵەوە.

ئەم بارودۆخە وایکردووە کە کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم ئاستی وەبەرهێنان و خزمەتگوزارییان دابەزێت و بەو هۆیەوە لە سەدا 50 تا 75 ی فەرمانبەرەکانیان کەمکردووەتەوە.

لە ئەگەری بەردەوامبوونی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، جگە لەوەی کە بەشێکی بەرچاو لە فەرمانبەرەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان کارەکانیان لە دەست دەدەن، هەندێک لە کۆمپانیاکان ڕەنگە بە تەواوی واز لە کارکردن لە کەرتی نەوتی هەرێمدا بێنن.