عیرفان عەبدولعەزیز خزاوەتە بەرەی تورکیاوە
لە ئامادەکارییەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرەی 12 لە ساڵی ڕابردوو، بۆ هەمووان ئاشکرا بوو کە ڕابەری بزوتنەوە بە هیچ شێوازێک دەستبەرداری پۆستەکەی نابێت، ئەگەرچی ئەو لە ڕووی یاسای ناوخۆییەوە بۆی نەبوو خۆی کاندید بکاتەوە بەڵام بڕگەیەکی بۆ کۆنگرەکە زیاد کرد کە دەبێت کاندیدی براوە لە سەدا 50 کۆ یەکی دەنگەکان بە دەست بێنێت، بە پێچەوانەی ئەمە ڕابەری پێشوو لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە. ئەم ئامادەکاری و فرتوفێڵەی باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وایکرد کە تەنیا کامیلی حاجی عەلی خۆیی کاندید کرد و ئەویش لە گەیشتن بە پۆستی ڕابەری بزوتنەوە سەرکەوتوو نەبوو.
بەم حاڵەوە بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان بووە دوو باڵی دژ بە یەک. باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز کە خۆیی بە یاسایی و ڕاستەقینە دەزانی و باڵی کامیلی حاجی عەلی کە پێی وایە کۆنگرە تەنیا نمایشێکی عیرفان عەبدولعەزیز بە پشتیوانی پارتی بووە و لە ڕووی یاساییەوە هیچ شەرعییەتێکی پێوە نابینرێت.
دوو باڵەکەی بزوتنەوە ئەگەرچی پەنایان بۆ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق هێنا بەڵام تا ئێستا کێشە و ناکۆکییەکانیان چارەسەر نەکراوە و بزوتنەوە وەک حیزبێکی ئیسلامیی بێ جەماوەر ماوەتەوە و عیرفان عەبدولعەزیز ئەو جەستە نەخۆشەی بزوتنەوەشی خستووەتە خزمەتی پارتی و بارزانییەکانەوە.
لە سەردانەکەی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ هەولێر کۆبوونەوەیەک سەرنجی هەمووانی ڕاکێشا. کۆبوونەوەی عیرفان عەبدولعەزیزی لە گەڵ فیدان چ مانایەکی دەبێت؟ بزوتنەوەی ئیسلامی چ پێگە و قورساییەکی لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا هەیە کە لە گەڵ بەرپرسێکی باڵای تورکیا کۆبوونەوەی بۆ ڕێکبخرێت؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە دەبێت بە دوو ئاراستە جیاجیاکەی بزوتنەوەدا بڕوانین. کامیلی حاجی عەلی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئێرانەوە نزیکە و چالاکییەکانی لە سلێمانییە و لە هەولێر بارەگاکانی بزوتنەوەی بە سەردا دادەخرێت.
باڵەکەی عیرفان عەبدولعەزیزیش لە هەولێر فەرشی سوریان لە لایەن پارتییەوە بۆ ڕاخراوە و بە فەرمی وەک بزوتنەوەی ئیسلامی دەناسرێن و کۆبوونەوەکەش لە گەڵ هاکان فیدان بە بەرنامەی بارزانییەکان و پارتی بۆ سەلماندنی پشتیوانی خۆیانە لەو باڵە و دژایەتیکردنی باڵەکەی کامیلی حاجی عەلی کە لە یەکێتی نزیک بووەتەوە.
عیرفان عەبدولعەزیز کۆتایی هاتووە و دەیانی وەک ئەردۆغانیش ناتوانن خۆی و باڵەکەی زیندوو بکەنەوە و ئەم نمایشە شکستخواردووەی هەولێریش هیچ ئەنجامێکی نابێت، تەنیا ئەنجامەکەی ئەوەیە کە عیرفان عەبدولعەزیز ئەوەندە خۆیی بچووک کردووەتەوە کە بووەتە شوێنکەوتووی پارتی و خزاوەتە بەرەی تورکیاوە. ئەو دەبێت بزانێت کە تورکیا لای گەلی کورد نەفرەتی لێکراوە و ئەوەش لەو وڵاتە نزیک بێت بە دوژمنی کورد دادەنرێت و هەمان حسێبی بۆ دەکرێت.