عومەری سەید عەلی تاپڕێکی نا بە پارتییەوە

ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان کە دەستی لە کار کێشاوەتەوە، تاپڕێکی نا بە پارتییەوە، ئەو تاپڕەی پارتی لێی دەترسێت برایە کۆبوونەوە تایبەتەکانەوە.

کۆبوونەوەیەکی عومەری سەید عەلی لە گەڵ پارتی هەرای ناوەتەوە. ناوبراو کە وەک ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەستی لە کار کێشاوەتەوە لە کۆبوونەوەیەکی لە گەڵ شاندێکی باڵای پارتی و تایبەت بە بڕیارەکەی دادگا بۆ سزادانی چالاکوان گوهدار زێباری، ئەوەی پێویست بووە بە پارتییەکانی وتووە و لە ڕاستیدا هاوشێوەی بۆمبێک بووە کە بە شاندەکەی ئەو حیزبەوە نرابێت.

چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی دیاری ناوچەی بادینان گوهدار زێباری پاش نزیکەی 3 ساڵ زیندانیکردن و ئاراستەکردنی چەندین تۆمەت لە یەکی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە لایەن دادگای هەولێرەوە و بۆ جاری سێهەم سزای شەش مانگی دیکەی بە سەردا سەپێندرا، ئەویش بە تۆمەتی هەبوونی چەکێکی بێ موڵەت لە جۆری تاپڕ لە ئۆتۆمبێلەکەیدا، بەڵام ئەو تۆمەتەی ڕەتکردووەتەوە و دایکیشی ڕایگەیاندووە کە تاپڕەکە لە ماڵی خوشکیدا بووە و مێژووەکەی بۆ ساڵی 1960 دەگەڕێتەوە و وەک یادگاری لە باپیریەوە بۆی ماوەتەوە.

ئێستا جارێکی دیکە پرسی ئەو تاپڕە هاتووەتەوە بەر باس، بەڵام لە شوێنێکی ئاسایی نا، بەڵکوو لە شوێنێکی تایبەت و لە کۆبوونەوەی عومەری سەید عەلی و بەرپرسانی پارتیدا باس کراوە و وەک بۆمب تەقیوەتەوە و ئەو تاپڕەی بەستووەتەوە بە سەری ڕەشەوە.

عومەری سەید عەلی لە دوایین کۆبوونەوەی لە گەڵ شاندی باڵای پارتی بەوانی ڕاگەیاندووە کە سەری ڕەش بە تاپڕ ناگیرێت، ئەوەش وەک ناڕەزایەتییەک بۆ سزادانی گوهدار زێباری لە بەر هەبوونی تاپڕە شڕەیەک.

وتەکەی عومەری سەید عەلی کاردانەوەیەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبووە و هەمووان دەڵێن سەری ڕەش بە تاپڕ ناگیرێت.