شەڕە کورسیی پارتی و یەکێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە

وەزارەتی پێشمەرگە یەکێک لە دۆسیە ناکۆکەکانی نێوان پارتی و یەکێتییە. دوو ساڵ بەر لە ئێستا شۆڕش ئیسماعیل لە لایەن بافڵ تاڵەبانییەوە لە پۆستی وەزیری پێشمەرگە دوور خرایەوە و تا ئێستا وەزارەتەکە لە لایەن بریکارەوە بەڕێوە دەبرێت کە سەر بە پارتی دیمۆکراتی کوردستانە.

ئەمریکییەکان هەوڵێکی زۆریان داوە کە شۆڕش ئیسماعیل بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بەڵام ناوبراو ئەو داوایەی ڕەتکردووەتەوە. یەکێتیش داوای ئەوەیکردووە کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، پۆستی وەزارەتی پێشمەرگەش بە وەکالەت وەربگرێت بەڵام پارتی ئەوەی پێ باش نییە و ڕەزامەندی لە سەر نەداوە.

ئەمریکییەکان لەم شەڕەی نێوان پارتی و یەکێتی، دوو ناویان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت پێشنیار کردووە. حەمەی حەمەسەعید کە لە یەکێتی و وەزیری ڕۆشنبیرییە و عەبدوڵڵای حاجی مەحمود کە لە پارتی سۆسیال دیمۆکراتە و وەزیری شەهیدان و ئەنفاوالکراوانی حکومەتی هەرێمە.

یەکێتی هێشتا پێداگری لە سەر وەرگرتنی پۆستەکە بە وەکالەت لە لایەن قوباد تاڵەبانییەوە دەکات و پارتیش ناوی دوو وەزیرەکەی بە ئەمریکییەکان داوە تا بە پێشنیاری ئەوان، یەکێتی ڕازی بێت.

لە ئێستادا وەزارەتی پێشمەرگە بە فەرمی بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی پێش 2005 گەڕاوەتەوە. تیمی پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە لە لایەن عەبدولخالەق باپیری بریکاری وەزارەت و تیمی یەکێتی لە لایەن بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەوە سەرکردایەتی دەکرێن و دوو ئاراستەی جیاواز لە ناو وەزارەتەکەدا دەبینرێت.