شەڕە نەوت بنەماڵەی بارزانیی گەرم کردووە

لێدوانی بەرپرسێکی کورد بۆ ئاژانسی بغداد الیوم ی عێراقی هەرای ناوەتەوە. ئەو ڕایگەیاندووە کە دانوستانی دۆسیەی نەوت شەڕی خستووەتە نێو بنەماڵەی بارزانی.

ئاژانسی بغداد الیوم ڕۆژی سێ شەممە لە سەر زاری سەرچاوەیەکی بەرپرسەوە زانیارییەکی گرنگی بڵاو کردووەتەوە کە سەبارەت بە دانوستانی نەوتی لە گەڵ حکومەتی تورکیا، ناکۆکی کەوتووەتە نێو بنەماڵەی بارزانی.

بە پێی ئەو هەواڵەش، سەرچاوەکە کە بەرپرسێکی میدیایی سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، ڕایگەیاندووە کە ناکۆکی لە نێو بنەماڵەی بارزانی و بە دیاریکراوی لە نێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەریهەڵداوە، شەڕەکەش لە سەر ئەوەیە کە کامیان دۆسیەی نەوت لە گەڵ تورکیا تاوتوێ بکەن.

سەرچاوەکە کە لە سەر خواستی خۆی ناوی نەبراوە، ڕایگەیاندووە کە نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت خۆی دانوستانی تایبەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم بەڕێوە ببات و خۆیشی ئەو پرسە لە ئەنکەرە لە گەڵ بەرپرسانی تورک تاوتوێ بکات بەڵام مەسرور بارزانیش پێداگر بووە کە خۆی ئەو دۆسیەیە بەڕێوە دەبات.

سەرچاوەکەی بغداد الیوم ڕوونیکردووەتەوە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەیەوێت خۆی سەرپەرشتی دانوستانی تایبەت بە دۆسیەی نەوت بکات لە بەر ئەوەی کە خۆی ڕێکەوتنی 50 ساڵەی لە گەڵ تورکیا واژۆ کردووە و تەواوی وردەکارییەکانی ئەو ڕێکەوتنەش تەنیا لای ئەوە.

ئاژانسەکە لە درێژەدا ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە پێشتر سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە کە محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای وردەکارییەکانی ڕێکەوتنە 50 ساڵەکەی نێوان هەولێر و ئەنکەرەی لە نێچیرڤان بارزانی کردووە کە ناوبراو ئەوەی ڕەتکردووەتەوە.

سەرچاوەکە ڕایگەیاندووە کە سودانی هەمان داوای لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کردووە بەڵام ناوبراویش ئەوەی بە لاوە قورس بووە.

ڕاشیگەیاندووە کە هۆکاری ڕەتکردنەوەی داواکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە ئەوەیە کە وردەکارییەکانی ڕێکەوتنە 50 ساڵەکە دەگاتە ئاشکرابوونی گەندەڵییەکی گەورە و هەر بەم بۆنەوە مەسرور بارزانیش ئەو داوایەی سودانیی ڕەتکردووەتەوە.

مەسرور بارزانی ڕۆژی سێ شەممە بۆ تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەک بە تایبەت هەناردەکردنەوەی دووبارەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە سەردانی ئەو وڵاتەی کرد و لە گەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووە و هەمان ڕۆژ گەیشتەوە هەولێر. چەند سەرچاوەیەک ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە سەردانەکەی مەسرور بارزانی هیچ دەسکەوتێکی نەبووە.