شەڕەکەی ڕەیان کلدانی و پارتی بەردەوامە
لە کۆی ۱۷۰ کامپی ئاوارەکانی عێراق، تەنها ۲٦ کامپ ماوەتەوە کە لە هەرێمی کوردستانن. سەرجەم کامپەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق داخراون. دواین کامپیش کە داخراوە لە دوو هەفتەی ڕابردوو بوو لە ناحیەی عەربەتی پارێزگای سلێمانی.
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێڕاق، چەند جارێک هێرشی کردووەتە سەر پارتی و تۆمەتباری کردووە بەوەی ئاوارەی کامپەکان بەکار دەهێنێت بۆ دەنگدان. بۆیە پارتی ڕێگری دەکات لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی نەینەوا. لە بەرامبەردا وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بەتوندی وەڵامی وەزیری کۆچبەرانی دایەوە.
ئیڤان فایەق، لە سەر پشکی بزوتنەوەی بابلیۆن بە سەرۆکایەتی ڕەیان کلدانی بووەتە وەزیری کۆچبەران و بۆ دوو هەڵبژاردنە لەسەر یەک پارتی و بابلیۆن دەچنە کێبڕکێی توندەوە لەسەر کورسی کۆتای مەسیحییەکان.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ۲۰۲۱ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەر ئەوەی بۆ کورسی کۆتای مەسیحی عێراق یەک بازنە بوو ڕەیان کلدانی توانی لە بەغدا و نەینەواوە هەر دوو کورسی مەسیحی هەولێر و دهۆک بباتەوە. جگە لە کورسی مەسیحی نەینەوا و کەرکوک.
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێڕاق، لە هەر دوو پارێزگای نەینەوا و کەرکوک ڕەیانی کلدانی توانی کورسی کۆتاکان بباتەوە.
پارتی نیگەرانە لە داخستنی کامپەکان بە تایبەت کەمپی ئاوارەکانی قەزای شەنگال. داوا دەکات ڕەوشی قەزاکە ئاسایی بکرێتەوە و ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەند لەسەر شەنگال جێبەجێ بکرێت ئەوکات ئاوارەکان بگەڕێنەوە.
۲٦ کامپ کە دەکەونە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر، ۳٦ هەزار خێزانی ئاوارەی تێدایە و زۆرینەیان ئاوارەی پارێزگای نەینەوان.
داخستنی ئەو کامپانە گێمێکی تری ململانێی نێوان بزووتنەوەی بابلیۆنی ڕەیان کلدانی و پارتی دیمۆکراتی کوردستان دەبێت.