شەڕی پارتی و پەکەکە ڕوو دەدات؟

هاوسەرۆکی کەجەکە ڕایگەیاندووە کە سەنگەرگرتنی پارتی بیانوویەکە بۆ شەڕ بەڵام ئێمە بە عەقڵی سەلیم و بەرپرسیارانە هەڵسووکەوت دەکەین، ئەگەر پارتی لە سەر ئەم هەڵوێستانەی پێداگری بکات، هەرچەندە لە دەرەوەی خواستی ئێمەش بێت، بە دڵنیاییەوە پێکدادان ڕوو دەدات.

جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاندووە کە پارتی زانیاری هەواڵگری بە تورکیا دەدات، جێگە و ڕێگایان بۆ دابین دەکات، لۆجستیک و خۆراک و پێداویستییان پێدەدات، لە سەر شوێنی مانەوەی گەریلاکان سیخوڕی دەکات، وا دیارە کە لە کۆبوونەوەکان لە گەڵ هاکان فیدان ئەم هاوکاری و بەکرێگیراوییە قووڵتر کراوەتەوە، بەغدا ملکەچی داواکارییەکانی حکومەتی تورکیا نەبوو بەڵام هەولێر ملکەچیی بۆ ئەردۆغان و هاکان فیدان ڕاگەیاندووە.

جەمیل بایک هەروەها ڕایگەیاندووە کە پارتی ئاڵای کوردستان بۆ پاراستن و شاردنەوەی سەربازەکانی تورکیا بەکار دێنێت، ئەم دۆخەی ئێستای برادۆست و سیدەکان بەردەوامی هێرش و پەلامارەکانی تورکیایە دژ بە گەریلاکانی پەکەکە، ئەمەش یەکێکە لە بەرهەمەکانی کۆبوونەوەکانی هاکان فیدان لە گەڵ بەرپرسانی پارتی.

هاوسەرۆکی کەجەکە ڕایگەیاندووە کە خواستی ئێمە بۆ شەڕ و پێکدادان لە گەڵ پارتی نییە بەڵام ئاشکرایە کە ئەو پەیوەندییانەی پارتی لە گەڵ حکومەتی تورکیا، ئەو گێڕەشێوێنیانەی کە دەکرێن و جوڵەپێکردنی هێز ئامادەکارییەکن بۆ شەڕ، ئەم سەنگەرگرتنەی ئەوان بیانوویەکە بۆ شەڕ، ئەگەر دۆخەکە وا بەردەوام بێت، مسۆگەر شەڕ و پێکدادان ڕوو دەدات.

بایک ڕایگەیاندووە کە بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی عەربەتیش بۆ ئەوەیە کە هاوشێوەی هەولێر و دهۆک، سلێمانی و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی بکرێتە شوێنی تەراتێنی حکومەتی تورکیا و یەکێتیش ناچار بە هاوکاریکردنی ئەو وڵاتە بکرێت.