شەڕی نەوتە 50 هەزارییەکە

هێشتا نەوتە 50 هەزاری دینارییەکەی بەغدا دیار نییە بەڵام یەکێتی و پارتی شەڕیانە و هەر یەک بە دەسکەوتی خۆی ناوی دەبات.

عێزەت سابیر بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری غاز ڕایگەیاندووە کە بە هەوڵ و بەدواداچوونی ئەوان، حکومەتی بەغدا ڕازی بووە لە سەرەتای مانگی 12 نەوتی سپی بە نرخی بەرمیلێک 50 هەزار دینار بە سەر ماڵانی هەرێمی کوردستاندا دابەش بکات.

هەر لە پاش ئەم لێدوانە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێم کە لە ژێر دەستی پارتی و مەسرور بارزانیدایە، ڕاگەێندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە ناردنی نەوتی هەرزان لە بەغداوە بەرهەمی هەوڵەکانی ئەوانە و لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا سێ نووسراویان بۆ لایەپە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق نێردراوە.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕایگەیاندووە کە ئەو نەوتە هەر بەو نرخەی بەغدا دابەش دەکرێت و هیچ زیادەیەکی ناخرێتە سەر.

حکومەتی هەرێم لە توانایدا نییە کە خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵک بکات، ئەو نەوتەش کە ئەمساڵ دابەشیکردووە بە نرخێکی گران بە خەڵک دراوە و ئێستا کە حکومەتی بەغدا دەیەوێت هاوکاری خەڵکی کوردستان بکات پارتی و یەکێتی دەیانەوێت ئەوەش بکەنە دەسکەوتی خۆیان.