شەڕی سەنگەرگواستنەوە
پارتی و یەکێتی هەموو جۆرە شەڕێکیان تاقیکردووەتەوە، لە شەڕی ناوخۆوە تا شەڕی ڕاگەیاندن و جنێوفرۆشی و تۆمەتبارکردنی یەکتر بە خیانەت و ئەم و ئەو.
ئێستا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک دەستکردی پارتی و یەکێتی تووشی شکست، داڕمان، ئیفلیجبوون و مایەپووچییەکی گەورە بووەتەوە و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک گەیشتووەتە لوتکە، ئەو دوو حیزبە لە شاری کەرکوک و بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لەم پارێزگایە بەربوونەتە گیانی خەڵک و بە پارە و ئیمتیازبەخشین بە هەندێک ئەندام و بەرپرسی لایەنی بەرامبەر، شەڕی سەنگەرگواستنەوەیان لە ئاستێکی نوێدا دەستپێکردووە.
پاش ئەوەی کە چەندین کاندیدی پارتی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی کەرکوک چوونە ڕیزەکانی یەکێتی، پارتیش بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شکستە بەربووەتە گیانی چەند کاکەییەک و خۆیی بە ماڵی هەمووان پێناسە کردووە و ڕایگەیاندووە کە پۆل پۆل کۆمەڵانی خەڵکی کەرکوک پەیوەندی بەم حیزبەوە دەکەن.
ئەمەش نەهامەتییەکی دیکەیە بە سەر خەڵکی هەرێمی کوردستاندا کە ئەو پارە و بودجەی ئەوان چۆن لە پێناو کاری حیزبیدا خەرج دەکرێت و هەر دوو حیزب شکستەکانی خۆیان لەو ڕێگە تاقیکراوەوە قەرەبوو دەکەنەوە.
بۆ ئەو پارە و بودجەیە کە خەرجی سەنگەرگواستنەوەی هەندێکی دەکەن بۆ چاککردنی کارەباکەتان بەکاری ناهێنن؟ بۆ نەوتی سپی بە سەر ماڵاندا دابەش ناکەن؟ بۆ کێشەی مامۆستایان چارەسەر ناکەن تا دەرگای قوتابخانەکان بە ڕووی منداڵانی خەڵکدا بکرێتەوە؟ ئەرێ بە ڕاست ئەمە حکومڕانییە پارتی و یەکێتی دەیکەن؟