شەرمەزارییەکی گەورە

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا پاش شکستی سەردانەکەی بۆ بەغدا و بەدینەهاتنی ئامانجەکانی سەردانەکەی، ڕووی لە هەولێر کرد و دەسەڵاتدارانی هەرێم یان بارزانییەکان وەک تۆڵەیەک لە بەغدا بە گەرموگوڕی پێشوازییان لە ناوبراو کرد.

ساڵانێکی زۆرە تورکیای داگیرکار هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە و دەیان کیلۆمەتری داگیر کردووە. سوپای تورکیا و دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە لە شوێن بە شوێنی هەولێر و دهۆک بوونیان هەیە و بە چاوساغی پارتیش هاتوونەتە سلێمانی و کادیر و ئەندامانی ئەو حیزبە بوونەتە ئەندامانی تۆڕە سیخوڕییەکەی تورکیا لە سنوری سلێمانی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی.

تورکیا ڕۆژ نییە خاکی هەرێمی کوردستان بە بیانووی پەکەکەوە بۆردومان نەکات، درۆنی تورکی بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر بۆ دانیشتووانی کوردستان و ئەوان دڵنیا نین کە لە ماڵەوە دەچنە دەرەوە، بتوانن بە سەلامەت بگەڕێنەوە.

تورکیا لە ڕووی ئابوریشەوە ساڵانێکە کوردستانی تاڵان کردووە و بنەماڵەی بارزانی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ تورکیا و بازرگانان و کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە کردووە.

لەو کاتەی کە بارزانییەکان تاک بە تاک لە گەڵ هاکان فیدان کۆبوونەوە، درۆنەکانی تورک بۆردومانی کوردستانیان دەکرد و لە دەڤەری برادۆست خێزانێکی کۆچەریان کردە قوربانی بەڵام سەرکردەکانی پارتی هیچ ئاماژەیەکیان بەوە نەداوە و هیچ ڕەخنەیەکیان لەم سیاسەتی کوشتارەی تورکیا نەبووە.

ئەگەر ئەمەیە دەسەڵات و خەڵک بە خێوکردن، ڕەنگە لە مێژوودا هیچ حکومەتێک هێندە لاواز نەبووبێت کە لە بەرامبەر کوژرانی خەڵک و داگیرکردنی خاکەکەیدا فەرشی سوور بۆ دوژمنی داگیرکار ڕابخات. ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستاندا دەبینرێت پشتکردنە خەڵک و ڕووکردنە دوژمنە و ئەگەر هێزی هیتلەریشیان هەبێت لە داهاتوودا لە بەرامبەر توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵکدا بەرگەن ناگرن و نەک تەنیا خۆیان بەڵکوو تورکیای داگیرکاریش لە کوردستان دەکرێتە دەرەوە.