شێرکۆ جەودەت: داهاتی ناوخۆیی هەرێم تاڵان دەکرێت

ئەندامێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند کە یەکێتی و پارتی ئامادە نین داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغدا بکەن چونکە دەچێتە گیرفانی خۆیانەوە.

شێرکۆ جەودەت لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی کە ئەگەر داهاتی نانەوتی لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە ڕادەستی بەغدا بکرێت حکومەتی عێراق مانگانە یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار دەنێرێت بۆ دابەشکردنی مووچە، بەڵام هەرێم ئەوەی ڕەتکردووتەوە چونکە داهاتی ناوخۆیی بە تەواوی دەچێتە گیرفانی یەکێتی و پارتییەوە.

ناوبراو وتی کە گەندەڵی گەورە لە دەسەڵاتدارێتی و پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکان لە هەرێم بوون بە بیانووی دەستی بەغدا و دادگای نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی ئابوریی سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستان.

شێرکۆ جەودەت وتی کە ئەگەر خەڵک بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن قۆناغێکی نوێ لە بەرژەوەندی گەلدا درووست دەبێت.