شێخ سابر سیروانیش هات
ئەوەی لینای کچی سیروان بارزانی پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا باسکرا کە چۆن بە تەمەنێکی کەمەوە بووەتە خاوەنی ئەو هەموو سەروەت و سامان و کۆمپانیا و بازرگانییەوە و لە چەندین وڵات وەک خاوەن سەرمایەیەکی گەورە دەرکەوتووە.
ئێستا کوڕەکەی سیروان بارزانی دەیەوێت هەمان ڕۆڵ بگێڕێت. سابر بارزانی کە لایەنگران یان باشترە بڵێم کۆیلە و شوێنکەوتووەکانی فەرماندە هەڵهاتووەکەی شەنگال بە شێخ سابر ناوی دەبەن.
شێخە نوێکە چی کردووە؟
سیروان بارزانی یەک فەوج لە هێزەکانی پێشمەرگەی کردووەتە پاسەوانی کوڕەکەی و چەندین سەیارەی گوللەنەبڕی پێشمەرگەی خستووەتە خزمەتی.
کوڕە بچووکەکەی سیروان بارزانی کە ئیشی بووەتە ڕابواردن لە گەڵ کچە مۆدێلەکانی وەک هێڵی لۆڤی کۆنە دۆستی باوکی، بە دەیان پێشمەرگە و سەیارەی بۆ دابین کراوە کە خۆی نمایش بکات.
سابر بارزانی لە لایەن ماستاوچییەکانی باوکییەوە بە شێخ سابر ناو دەبرێت. ئەم شێخە تازەی بنەماڵەی بارزانی بە ڕیزێک وەنەوشەی گوللەنەبڕ و فەوجێک پێشمەرگەوە ئەم شار و ئەو شار دەکات و هێزی خۆی نمایش دەکات، ئەویش دەیەوێت لە بەرامبەر ئارین و ئیدریس و ئەوانی دیکە وەک شازادە گەنجەکانی بنەماڵەی بارزانی خۆی نمایش بکات.
سەیارەکانی شێخ سابر و ئەوانەی لە گەڵیدان، هەمووی سەر بە هێزەکانی هەشتای پارتییە، ئەو هێزەی کە دەبێت وەک هێزێکی نیشتمانی بێت نەک هێزی حزب و بنەماڵە و کەسەکان. سیروان بارزانی ئەو فەوجەی بە تایبەت ڕاسپاردووە لە خزمەت شێخ سابردابن.
نمایشەکەی کوڕە بچووکەکەی سیروان بارزانی لە کاتێکدایە کە مەسرور بارزانی پێشتر سوێندی خواردبوو نەهێڵێت منداڵی بەرپرسانی نزیک لە خۆی بە چەک و سەیارەی حکومەتەوە دەربکەون بەڵام شێخ سابر حسێبی بۆ قسەکانی مەسرور بارزانی نەکردووە و کەسیش ناتوانێت لێپێچینەوەی لە گەڵدا بکات.
ئەمەیە دۆخی کوردستان و بە تاڵانبردنی داهات و سەروەت و سامانەکەی. ئەوەیە کە نە فەرمانبەر مووچەی هەیە و نە خەڵک کارەبا و سووتەمەنی و بازاڕەکەشی هیچ جوڵەیەکی نییە. کەی کاتی ڕاپەڕین لە دژی ئەم سیستەمە گەندەڵە دەگات؟