شینەکەی پارتی بۆ حەلبوسییە؟

دادگای فیدراڵی عێراق یەکێک لەو دەزگا هەرە گرنگانەیە کە لە سیستەمی سیاسی نوێی ئەم وڵاتە لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری سەدام دامەزراوە و ڕۆڵی گرنگی لە ڕێگری و پووچەڵکردنەوەی پیلانگێڕییەکان و دوژمنایەتییەکان هەبووە.

دادگای فیدراڵی عێراق بە هۆی ئەوەی کە دژی زوڵم، پیلانگێڕی، گەندەڵی و خیانەتە لە عێراق، زۆرترین هێرشی لە لایەن نەیارانی عێراقەوە دەکرێتە سەر.

بارزانییەکان و پارتی یەک لەوانەن کە بە ئاشکرا دژایەتی دادگای فیدراڵی دەکەن. هەر ئەم دادگایە بوو کە هەناردەی نایاسایی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە لایەن حکومەتەکەی بارزانییەکانەوە بۆ دەرەوە و تاڵانکردنی داهاتەکەی قەدەغە کرد.

دادگای فیدراڵی هەروەها دژی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، دیسانەوە بڕیاریدا و ئەوەی بە دڵی خەڵک و زۆربەی لایەنە سیاسییەکان بوو هاتە دی و پەرلەمان هەڵوەشایەوە تا پارتی نەتوانێت بە دڵی خۆی و بە کەڵک وەرگرتن لە زۆرینەی ساختە، ئەوەی دەیەوێت جێبەجێی بکات.

بە لادانی محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، پارتی بەردەوام بە بەرپرس و میدیاکانیەوە شین دەگێڕێت و هێرش دەکەنە سەر دادگای فیدراڵی. بارزانی و حەلبوسی و تورکیا پێشتر سێگۆشەی پیلانگێڕییەک بوون لە دژی عێراق و عێراقییەکان.

لە ئێستادا حەلبوسی وەک بەکرێگیراوێکی دەوڵەتی تورک دوور خراوەتەوە و شینەکەی پارتیش بۆ ئەو نییە، بەڵکوو بۆ ئەگەری دوورخستنەوەی مەسرور بارزانییە لە سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم، ئەگەر لە 25 ی شوباتی 2024 هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە نەچێت و دوا بکەوێت.