شۆڕش ئیسماعیل کەوتەوە پرتەپرت

وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم کە دیسانەوە بە خێر پۆستەکەیان پێبەخشیوەتەوە، کەوتووەتەوە سەر هەمان هێڵی پرتەپرت و باسکردنی چاکسازییەکانی وەزارەتەکەی.

شۆڕش ئیسماعیل کە بە هۆی ناڕەزایەتییەکانی بافڵ تاڵەبانی لە پرۆژەکەی ئەمریکا و بارزانییەکان بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی یەکەی 70 ی پێشمەرگە لەو وەزارەتە و ئاگاداربوون لە ئامانج و پلانەکانی پارتی، لە پشکی یەکێتی لە حکومەت دوورخرایەوە، ئێستا بە گەڕانەوەی دیسانەوە کەتووەتەوە هەمان پرتەپرت و هەڵوێست و بانگەشەکانی بۆ چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە.

شۆڕش ئیسماعیل خۆیی لەوە گێل کردووە کە ئامانجی ئەمریکا و بارزانییەکان ئەوەیە هێزی سەربازی و تەنانەت دواتریش دەزگای ئەمنی و هەواڵگری لە ژێر دەستی یەکێتی دەربێنن و بەمەش پێگەی ئێران لە سنوری سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەر لاواز بکەن. بە واتاکەی دیکە، لە پرۆژەی بە ناو چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئامانج ئەوەیە هێزی سەربازیی یەکێتی لە ژێر دەستی ئەو حیزبەدا دەربهێندرێت و وەک ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم کە لە ژێر دەستی پارتیدایە، دواجار وەزارەتی پێشمەرگە و ئەوەی کە بە ناوی سوپای نیشتمانی باسی دەکرێت زیاتر لە ژێر کاریگەری و دەسەڵاتی پارتیدا بێت و یەکێتی لە ڕووی ئەمنی و سەربازی و هەواڵگرییەوە لاواز بێت.

وەزیری پێشمەرگە لەو ڕۆژەوە گەڕاوەتەوە وەزارەتەکەی، بەردەوام پێداگری لە سەر هەمان پرۆژەی ئەمریکا و بارزانییەکان دەکاتەوە. وەک بڵێی جارێکی دیکە ڕێخۆشکەری بۆ دەرکرانێکی نوێ دەکات. ئەمجارە بافڵ تاڵەبانی بەوەیش دەڵێت دەرکراوەکە قەد ناگەڕێتەوە وەزارەتی پێشمەرگە.