شۆڕشێک لە ناو دڵی بارزانەوە

ئەگەر پێشتر لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سلێمانی چالاکییان دەکرد و لە هەولێر و دهۆک هیچ قسەیەکیان پێنەدەکرا و ئەمەش لە پێناو بەرژەوەندییەکانی پارتی بووە، ئێستا لە ناو دڵی بارزان و بارزانییەکانەوە شۆڕشێک دەستیپێکردووە کە عەرشی حکومڕانییەکەی پارتی و بارزانی دەهەژێنێت.

ئەدهەم بارزانی ناوێکی ناسراوی سیاسەت و کۆمەڵگەی کوردی بە تایبەت لە ناوچەی بارزانە. ئەو پێشتر کەسێکی باڵادەستی ناو بنەماڵەی بارزانی و پارتی دیمۆکراتی کوردستان بووە و ئێستا بووەتە ئاڵاهەڵگری شۆڕشێکی جەماوەری لە دژی ستەم و گەندەڵی و تاڵانکردنی کوردستان.

مەسعود بارزانی کە هەستی بەم مەترسییە گەورەیە کردووە، ڕێگریی لەوە کردووە ئەدهەم بارزانی بۆ کوردستان و زێدی خۆی بگەڕێتەوە. بەڵام ئەدهەم بارزانیش بێکار نەبووە و لە ئاستی کوردستان و عێراق دەستی بە هەوڵێکی جیدی کردووە. ئەو سەرەتا لە سلێمانی و لە گەڵ لایەنە سیاسییەکان تاوتوێی دۆخی ئێستا و داهاتووی کوردستانی کرد و کۆدەنگی لە سەر ئەوە بووە کە گۆڕانکاری لەم دۆخەدا بکرێت. لە بەغداش ئەدهەم بارزانی پەیوەندییەکی زۆر باشی لە گەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییەکان هەیە و بە لای عێراقییەکانەوە خەراپ نییە کە کەسێک لە ناو دڵی بارزان و بارزانییەکانەوە ڕوبەڕوی پاوانخوازی دەسەڵاتی پارتی لە هەرێمی کوردستان ببێتەوە.

ئەدهەم بارزانی هەڵمەتێکی سیاسیی بە ناوی هێڵی سێهەم دەستپێکردووە و دەیەوێت دەنگە ناڕازییەکانی کوردستان لە سەر یەک ئامانج کۆبکاتەوە کە ئەویش ڕزگارکردنی کوردستانە لە ژێر حوکمی بارزانییەکان و پارتی دیمۆکراتی کوردستانە، ئەو دەیەوێت کۆتایی بەم هەموو زوڵم و ستەم و نادادییە لە کوردستان بێنێت.

دوژمنایەتی بنەماڵەی بارزانی و پارتی لە گەڵ ئەدهەم بارزانی ئەگەرچی پەیوەندی بە مەترسییەکانی ئەوان لە داهاتووی دەسەڵاتەکەیان لە کوردستان هەیە، پەیوەندیشی بە تورکیاوە هەیە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە داگیرکاریی تورکیا و دەسدرێژییە ڕۆژانەکەی بۆ سەر خاکی هەریمی کوردستان و کوشتن و بریندارکردنی خەڵک وایکردووە کە خەڵک وەک دوژمنی سەرەکی لەو وڵاتە بڕوانن و ئەوانەش دارەدەستی تورکیان بە هەمان شێوە مامەڵەیان لە گەڵ دەکەن. هەر بۆیە لە دۆسیەی ئەدهەم بارزانیدا تورکیا لەوە نیگەرانە کەسایەتییەکی وەک ناوبراو خەڵک لە دژی ئەنکەرە و سیاسەت و تاوانەکانی هان بدات.

ئەدهەم بارزانی دەگەڕێتەوە و بە پلان و پرۆژەی سیاسی پاڵپشتیکراو لای جەماوەرەوە داهاتووی سیاسی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات. ئەمجارە شۆڕشە نەک لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن کە لە سلێمانییەوە ڕەخنە لە دەسەڵاتی بارزانییەکان بگرێت، بەڵکوو لە ناو دڵی خەڵکی کوردستاندا جێی کردووەتەوە و سەرچاوەکەشی لە بارزانەوەیە و لە سەرەوە بۆ خوار شۆڕ دەبێتەوە و تەواوی کوردستان دەگرێتەوە.