شۆڕشی چەکداری لە کوردستان دەست پێدەکات؟

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بارزانییەکان لە تەواوی سێکتەرەکاندا شکستی هێناوە، بە تایبەت ئیفلاسبوونی ئەم حکومەتە لە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، زیاترین ڕەخنە و توڕەیی بە دواوە بووە.

شکستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسی مووچە و ئەو هەموو ناهەماتییەی بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتووەتەوە، وای لە بەغدا کرد کە لە ڕووی مرۆییەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکات. هەر بۆیە دادگای فیدراڵی بڕیاری بەبانکیکردنی مووچە و دابەشکردنی لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دەرکرد.

ئەم کێشەیە بە تەواوی چارەسەر نەکرا و دیسانەوە حکومەتی هەرێم گرفتێکی نوێی خستە بەردەم پرۆسەکە و ڕایگەیاند کە ناو و ناونیشانی هێزە ئەمنییەکان ڕەوانەی بەغدا ناکرێت و حکومەتی ناوەند دەبێت بە کۆد مووچەکانیان دابەش بکات. وەزارەتی داراییش ئەوەی ڕەتکردووەتەوە و هۆکارەکەشی ئاشکرایە کە پارتی و یەکێتی بە هەزاران مووچەخۆری بندیواریان هەیە و هەروەها هێزەکانی ڕۆژی سوریا و پاک ی سەر بە حسێن یەزدانپەنایان وەک مووچەخۆری هەرێمی کوردستان ناساندووە.

ئەم بێ یاساییەی حکومەتی هەرێم بووەتە هۆی بەردەوامبوونی کێشەی مووچە و زیاتر لە دوو مانگە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان مووچەیان وەرنەگرتووە و حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانی پارتیش هیچ لە خەمی ئەواندا نین و هەنگاوێکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە هەڵنەگرتووە.

لە ئێستادا دۆخی ناوخۆیی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی کوردستان شڵەژاوە و ناڕەزایەتییەکی زۆر لە دژی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی هاتووەتە پێشەوە. بەشێکی زۆری هێزە ئەمنییەکان لەو بڕوایەدان کە ئەگەر شۆڕشی جەماوەری خەڵک لە کوردستان لەوانەوە دەست پێبکات دەتوانێت بە ئەنجام بگات و دەسەڵات ڕووبەڕووی ڕووخان و لەناوچوون بکاتەوە.

ئەگەر هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان ببنە ڕچەشکێنی ئەم داواکارییە جەماوەرییە لە دژی دەسەڵات، بە پێی ئەوەی کە خەڵکیش بە گشتی چەکدارن و سیاسەت و تاڵانچێتییەکانی بنەماڵەی بارزانی ئەوانی توڕە کردووە، دەتوانێت لە زووترین کاتدا عەرشی بارزانییەکان بهەژێنێت و وەک بەهاری 1991 چۆب بەعس لە کوردستان ڕاو نرا، ئەوانیش دەر بکرێن و دەسەڵات بدرێتە دەست خەڵک و نوێنەرانی ڕاستەقینەی ئەوان.