شۆڕشی نان لە هەولێری پایتەختەوە

گومان لەوەدا نییە کە هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی ئابوری و دارایی سەختدا تێپەڕ دەبێت. ئەوەی جێی داخە کە حکومەتە خۆماڵییەکە تەنیا درووشمی بێ کرداری هەیە و نەیتوانیوە کێشەی خەڵک بە تایبەت مووچەی مووچەخۆران چارەسەر بکات.

ئەوەی ناڕەزایەتی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، کەوتووەتە سلێمانی و سنوری ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەویش لە بەر ئەو ئازادییەی لەم سنورەدا هەیە بە پێچەوانەی هەولێر و دهۆک کە لە لایەن پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە بە سەربازگە کراوە و بە دەربڕینی بچووکترین ناڕەزایەتی خەڵک دەستگیر دەکرێن.

دوایین نموونەی ئەم بارودۆخەش لە هەولێری پایتەخت، ناڕەزایەتی و دەنگی هاواری گەنجێک بوو بە ناوی ئیدریس مەسعود ناسراو بە ئیدریسی نانەوا کە تەنیا لە بەر گەیاندنی پەیامی ئێش و ئازارەکانی ژیانی خۆی و خەڵکی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی پارتییەوە دەستگیر کرا. ئەگەرچی پارتی و دامودەزگا ئەمنییەکانی لە ژێر فشاری جەماوەر و ڕێکخراو و حیزبەکاندا ئەو کەسەیان ئازاد کرد بەڵام سەپاندنی دۆخی سەربازیی زۆرەملە لە هەولێر و دهۆک وایکردووە کە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا بە شوێنێک نەگات.

لەم دۆخە پڕ لە قەیرانەی کاربەدەستانی هەرێم کە بۆ خەڵکیان خوڵقاندووە، لە نەبوونی مووچە و خزمەتگوزاری و گرانی و گەندەڵی، لە بری بەخۆداچوونەوە و باشکردنی گوزەرانی خەڵک، دەسەڵاتدارانی پارتی بە ڕفاندن و زیندانیکردن وەڵامی هاوار و نیگەرانییەکانی خەڵک دەدەنەوە.

لە هیچ وڵاتێکی ئەم جیهانەدا نییە کە کەسێک تەنیا لە بەر دوو وشە کە بە هۆی سەختی ژیانیەوە هاواری لێهەستاوە، دەستگیر بکرێت و سزا بدرێت.

ئەوەی لە هەرێمی کوردستان و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا دەبینرێت، بەرتەسکردنی ئازادییەکانە بە بووەتە دیاردەیەکی مەترسیدار و هەموو سنورێکی تێپەڕاندووە.

ئەمە وەڵامی خەڵک نییە کە لە لایەن دەسەڵاتەوە دەدرێتەوە، ئەوان ڕاپەڕینیان کرد و بەعسیان لە کوردستان ڕاونا تا ئەوانەی ئێستا بە دەسەڵات گەیشتن، چۆن دەبێت وەڵامی برسێتی و نەبوونی خزمەتگوزاری بۆ خەڵک بە گرتن و شەقوەشێنی و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان بدرێتەوە.