شۆڕشی مووچە

هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی گەورەی ئابوریدا تێپەڕ دەبێت، حکومەت سەرچاوەکانی داهاتی لە دەست داوە و بە هۆی پابەندنەبوونی بە ڕێکەوتنەکان، پشکی بودجەی هەرێم لە لایەن بەغداوە وەک ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە دابین ناکرێت، مەسرور بارزانیش ڕێگری لەوە دەکات مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم لە لایەن بەغداوە دابەش بکرێت.

ئەمە بارودۆخی هەرێمی کوردستانە و قەیرانی دارایی و ئابوری وایکردووە کە جوڵەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بوەستێت، کار و چالاکییە ئابوری و بازرگانییەکان گەشەیان پێوە دیار نەبێت، هێزی کڕینی خەڵک ڕوو لە دابەزین بکات، خەڵک هیوایان بە داهاتوو نییە و لەو بڕوایەدان کە ململانێی نێوان دوو لایەنی سەرەکی هەرێمی کوردستان لەم قەیرانە داراییە گەورەتر، هەرێم ڕوبەڕوی داهاتوویەکی خەراپتر دەکاتەوە.

لەم قەیرانەدا زیاترین فشار لە سەر فەرمانبەران و خانەنشینانی کوردستانە. ئەوان تاکە سەرچاوەی بژێوی ژیانیان مووچەکانیانە کە چەند مانگ دوا دەکەوێت و حکومەت دابەشی ناکات و هیچ ئاسۆیەک لە بەردەم چارەسەربوونی ئەم قەیرانەدا نییە.

دابەشنەکردنی مووچە بووەتە هۆکاری ناڕەزایەتی فەرمانبەران و مووچەخۆران و خۆپێشاندانی ئەوان دژ بە حکومەتە خۆڕاگرەکەی هەرێمی کوردستان. بۆچوونێک هەیە کە دەڵێت قەیرانی مووچە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینێکی جەماوەری دژ بە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان.

دەسەڵاتدارانی هەرێم وا دەزانن کە بە زەبری هێز و دەزگا ئەمنییەکان دەتوانن ئاگری توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵک و فەرمانبەران کۆنتڕۆڵ بکەن، نەک ئەوان، بەڵکوو هیچ هێزێک نییە بەرگەی توڕەیی خەڵک بگرێت.

شۆڕشی مووچە داهاتوو و چارەنووسی کوردستان دیاری دەکات، ئەم قەیرانە دەبێتە هۆی سەرهەڵذان و ڕاپەڕینێکی جەماوەری. وەک چۆن کە ساڵی 1991 خەڵک بەعسیان لە کوردستان دەرکرد، ئەمجارەش دەسەڵاتدارانی هەرێم ماڵئاویی دەکەن و خەڵک دەگەنە ئەو مافەی ساڵانێکە لێی بێبەش کراون.