شکستی پرۆژەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە

پرۆژەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کە لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە جێبەجێ دەکرا، بە تەواوی شکستی هێناوە، ئەوان بەو ڕاستییە گەیشتوون کە هێزەکانی پارتی و یەکێتی و عەقڵیەتی زاڵ بە سەریاندا هیچ کات تێکەڵاوی قبووڵ ناکات و لە ئێستادا میکانیزمێکی نوێ بۆ پرۆژەی بە ناو یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دیاری کراوە کە بە دڵنیاییەوە ئەویش بە پێی ئەو دۆخەی بە سەر وەزارەتی پێشمەرگەدا زاڵە، ڕوبەڕوی شکست دەبێتەوە.

پاش قەیرانە ناوخۆییەکەی وەزارەتی پێشمەرگە و گەڕانەوەی بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی و بە وتەی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، نەمانی ڕێز و حورمەت و یاسا لەم وەزارەتە، درووستکردنی لیوای هاوبەش لە هێزەکانی 70 و 80 ی یەکێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگیراوە و بڕیارە لیواکانی هەر دوو یەکەی هێزەکانی پێشمەرگە ڕاستەوخۆ بخرێنە سەر ئەم وەزارەتە.

پێشتر بە فشار و پێداگریی ئەمریکا و هاوپەیمانان، دوو فیرقە درووستکرا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، بڕیار بوو کە فیرقەکان هاوبەش بن، هاوشێوەی ئەو لیوایانەی کە ساڵانی پێشووتر ڕێکخرابوون بەڵام بە هۆی شکستی ئەو هەوڵە، ئێستا بڕیار دراوە کە فیرقەی یەک کە بارەگاکەی دەکەوێتە نزیک هەولێر، تەنیا بۆ هێزەکانی یەکەی 80 ی پارتی بێت و لیواکان و تەواوی بەرپرسان و فەرماندەکانی فیرقەکەش لە پارتی دیمۆکرات بن.

فیرقەی دوو کە بارەگاکەی لە قەزای چەمچەماڵ دەبێت، سێ لیوای یەکەی 70 ی یەکێتی خراوەتە سەر و دەبنە پێکهێنەری فیرقەکە و تەواوی بەرپرس و فەرماندەکانی لە یەکێتی دەبن.

ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بێهیوا بوون لە تێکەڵکردنی هێزەکانی 70 و 80 و بە ناچاری ڕەزامەندییان لە سەر ئەوە داوە کە هێزەکانی سەر بە یەکێتی و پارتی خۆیان بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

لە وەزارەتی پێشمەرگە، وەزیر و بریکار و پۆستە باڵاکان لە نێوان پارتی و یەکێتی دابەش کراون. لە ڕابردووەوە تا ئێستا وەزیر ئەگەر یەکێتی بووبێت حوکمی هێزە سەربازییەکان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەم حیزبەی کردووە، بە هەمان شێوە پارتیش ئەگەر وەزیر یان بریکاری وەزارەتی هەبووبێت، حوکمی هەولێر و دهۆک و هێزەکانی خۆیی کردووە.

لە ئێستادا بەم میکانیزمەوە هەمان دابەشکاری لە وەزارەتی پێشمەرگە بوونی دەبێت. ئەگەر یەکەی 70 و 80 دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لەم وەزارەتە حوکمی هێز و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان دەکەن و لە ڕاستیدا شتێک بە ناوی یەکگرتنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و گۆڕینی ئەوان لە حیزبەوە بۆ هێزی نیشتمانی ڕوو نادات و ئەمریکا و هاوپەیمانان تەنیا دەیانەوێت شکستی چەندین ساڵەی خۆیان پەردەپۆش بکەن.