شکستی پرۆژەی نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان

ڕۆژنامەی سەباح ی عێراقی کە ڕۆژنامەیەکی نیمچە فەرمی حکومییە، ڕایگەیاندووە کە شکست هێنانی پرۆژەی سیاسی نەتەوەیی بووە هۆی شکستی ئیدارەی حکومەتی هەرێم لە ڕووی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە.

ڕۆژنامەی سەباح لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ نادەستووریبوونی پرۆسەی نەوتی هەرێم نەخشەڕێگای یاسای نەوت و غازە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا هەست بە قەبارەی خۆی لە بەرامبەر بەغدا دەکات.

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق لە مانگی شوباتی ساڵی 2022 تایبەت بە پرۆسەی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان، نەخشەڕێگای بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم کێشا لە بواری سامانە سرووشتییەکان و هەناردەکردنی.

محەمەد ساعیدی شارەزای کاروباری یاسایی بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی پابەند کرد بە ڕادەستکردنی تەواوی بەرهەمی نەوت.

ناوراو ڕایگەیاندووە کە وەزارەتی نەوتی عێراق مافی هەڵوەشانەوەی ئەو گرێبەستانەی هەیە کە حکومەتی هەرێم کە لە گەڵ وڵاتان و کۆمپانیا بیانییەکان تایبەت بە دۆزینەوە و دەرهێنان و هەناردەی نەوت واژۆی کردووە.

ئەو شارەزا یاساییە هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئێستا دەرفەتەکە ڕەخساوە بۆ ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، بە تایبەت کە ئەم خولەی پەرلەمان سازشکردنی گەورەی تێدا نییە لە بەرامبەر بەدەستهێنانی دەسکەوتی حزب و گرووپەکان لە بەرامبەر دەنگدان بە یاسا نیشتمانییە گرنگەکان.

ساعیدی ئاماژەی بەوە داوە کە ململانێی هەرێم لە گەڵ حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە پاش 2003 لە سەر بنەمای نەتەوەیی بووە، بۆیە شکست هێنانی پرۆژەی سیاسی نەتەوەیی بووە هۆی شکستی ئیدارەی حکومەتی هەرێم لە ڕووی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، فەزڵەکە دەگەڕێتەوە بۆ چەکوشی دادگا و سەرۆکی دادگای فیدراڵی کە ئەوانەی خەبەرکردەوە خەونیان دەبینی و ناچاری کردن ملکەچی ئیرادەی عەقڵ و لۆژیک بن.