شکستی دەسەڵاتدارنی هەرێمی کوردستان

بۆ یەکەمجار و لە ٣٣ ساڵی رابردوودا کورسییەکانی پارتی و یەکێتی بۆ نزمترین ئاست دابەزی کە تەنها ٦٢ کورسییان هێنا.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی هەرێم هاوکێشە سیاسیەکەی دەستکاری کرد، بە جۆرێک کورسی دەسەڵات زیاتر دابەزی، کورسییەکانی پارتی و یەکێتی و کۆتاکانیان ١٦ کورسی کەمی کرد و لە ٧٨ کورسییەوە بوو بە ٦٢ کورسی.

لە کاتێکدا ساڵی ٢٠٠٩ و لە گەرمەی بەهێزبوونی ئۆپۆزسیۆن و سەردەمى نەوشیروان مستەفاش کورسیەکانی پارتی و یەکیتی بۆ هێندەی ئێستا کەمی نەکرد، ئەوکاتیش دوو حزبەکە ٥٩ کورسیان هێنا و لەگەڵ ١١ کورسی کۆتاکان خاوەنی ٧٠ کورسی پەرلەمان بوون.

ئەوەی ئەمجارە کورسیەکانی دەسەڵاتی کەمکردەوە چوونی خەڵک بوو بۆ دەنگدان، وە وەستانەوەی هیزێکی وەک نەوەی نوێ بوو دژ بە دەسەڵات کە رێگری کرد دەسەڵات بەو دەنگانەی هێناویەتی کورسی زیاتر ببات.

بۆیە چاوەڕی دەکرێت خولێکی پڕ رکابەری و ململانێ چاوەڕێی پەرلەمانی ئەمجارە بکات.