شکستی حزبایەتی لە هەرێمی کوردستان
شكستی حزب وەك بزوتنەوەیەكی جەماوەریی سیاسی لەسەرەتای شەستەكانەوە دەستی پێكرد، ئەوكاتەی پارتی دیموكراتی كوردستان رووبەرووی لێكترازانی ناوخۆیی بویەوەو سەرئەنجام ئەو حزبە لەحزبێكی پێشكەوتنخوازی چەپ و دیموكرات و علمانیەوە، بووە حزبێكی راستڕەوی میراتگریی پشتاوپشت.
پاشەكشەی حزب وەك رێكخستنێكی كۆمەڵایەتیی فكریی لەكوردستان پێویستی بەتوێژینەوەیەكی بابەتیی و زانستیی هەیە. پێویستی بەلێكۆڵینەوەیەكی كۆمەڵایەتیی (سۆسیۆلۆجی) كۆمەڵگای كوردەواریی هەیە، چونكە نەبووەو ناكرێ هەموو ئەو حزبانەی گوایە چەپ و علمانی بوون و دروشمی نوێگەرییان بەرزكردبۆوە كەچی دواتر هەموویان گۆڕان بۆ خێڵی گەورەو بوون بەگروپی رەجعی و پشتاوپشت.
حزبی ئێستا هەر خێڵەكەی جارانە، تەنها شێوەی رێكخستنەكەی گۆڕاوە. بۆنمونە دیوەخانی سەرۆك عیبارەتە لەنوسینگەی سەرۆكەكان و لەپاڵیدا هۆڵێكی گەورە هەیە بۆ ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەب سیاسی كە رۆڵی دەرباری جاران دەبینن. تابلۆی سەر دیوەخانەكانیش لەبری ناوی خێڵ گۆراوە بۆ وشە دەستەواژە تەقلیدیەكانی وەك دیموكرات و سۆسیالست و سۆسیالست دیموكرات..تد.
ئەو حزبانە نەك نەیانتوانی ئازادی و دیموكراسی بۆ خەڵك فەراهەم بكەن، بەڵكو لەناوخۆی زۆربەی حزبەكان ترس و تۆقاندنێكی زۆر هەیە، هەروەك چۆن لەناو حزبەكەی هیتلەرو مۆسۆلینی و ستالین و دیكتاتۆرە بەناوبانگەكان هەبووە.
لەماوەی چەند ساڵی رابردوو زنجیرەیەك گۆڕانی یەك لەدوای یەك لەناو حزبەكان بووە، میراتگری شۆڕشگێڕانی دوێنێ هاتوونەتە پێش و بەئاشكرا یەك یەك جێگەی باوانیان دەگرنەوە، بەڵكو بووە بەنەریتێكی نوێ لەژیانی حزبایەتی لەم هەرێمە بەجۆرێك ئیدی كەس بیر لەجێنشینی كەسی یەكەمی حزب نەكاتەوە جگە لە جێنشینی باوانیان نەبێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان لە 1979 بەیەكجاریی یەكلایی بویەوە كە حزبێكی تەقلیدی پشتاوپشتە، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەدروشمی رووبەرووبونەوەو دژایەتیكردنی حزبی بنەماڵە یان بەبنەماڵەكردنی حزب زیاتر لە 45 ساڵ بەردەوام بوو، كەچی لە8ی تەمموزی 2021 لەڕێی ئینقیلابكردنەوە كۆتایی بەو دروشمە هێناو بووە حزبی بنەماڵەو پشتاوپشت و كوڕ شوێنی باوكی گرت. كاك بافڵ تاڵەبانیی كوڕە گەورەی (رەوانشاد) مامجەلال بووە سەرۆكی حزب و كاك قوباد تاڵەبانیش وەك سەرۆكی یەدەگ تەماشادەكرێت. بزوتنەوەی گۆڕانیش كە لەهەناوی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان وەك باڵی رادیكاڵی چەپی ناو بزوتنەوەی سیاسی كوردستان لەدایكبوو، لەدوای كۆچی دوایی رەوانشاد كاك نەوشیروان، كوڕەكانی كاكەكان (چیا و نما) بوونە میرمحێی حزبەكەو بڕیاری ئەو حزبەیان لەپەلوپۆخست و كۆنترۆڵی بزوتنەوەكەیان كرد. ئێستا ئەو حزبە بەبێ بڕیارو فەرمایشتی ئەو دوو برایە ناتوانێت هیچ هەنگاوێك بنێت، تەنانەت گفتوگۆی ئەو حزبە لەگەڵ هەموو لایەنەكان لەڕێی ئەو دوو برایەوەیە.
دەتوانم بڵێم پارتی دیموكراتی كوردستان سیاسەتێكی راستگۆتر و روونتری هەبووە لەبارەی جێنشینی حزب. هەر لەسەرەتاوە رووی خۆی وەك حزبێكی پشتاوپشت و بنەماڵەیی پێشانداوە، بەڵام یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە دروشمی دژایەتیكردنی حزبی بنەماڵە بەرزكردبۆوەو لەململانێی لەگەڵ پارتی گرەوی لەسەردەكرد، كەچی دواتر بوو بەحزبێكی بنەماڵەیی. بزوتنەوەی گۆڕان خراپتر چونكە كاك نەوشیروان یەكێك بوو لە رادیكاڵەكانی ناو ناو بزوتنەوەی چەپ بوو، كەچی زۆر خراپ گۆڕا.
ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی لەپرسی میراتگریی حزب لەیەكتر جیادەكاتەوە ئەوەیە رەوانشاد سەرۆك (مامجەلال) لەپڕ نەخۆشكەوت و هیچ وەسیەتێكی نەبوو بۆ جێگرتنەوەی لەلایەن كوڕەكانیی نەبوو (هەرچەندە ئەوە مانای ئەوەنییە ئەو مێژووە لەژێر پرسیاردا نەبێت) بەڵام كاك نەوشیروان بەئیمزای خۆی گردەكەی لەسەر كوڕەكانی و میراتگرانی تاپۆكرد! من پێموایە حالەتێكی زۆر دەگمەن بوو لەمێژووی بزوتنەوەی سیاسی كورستان. كاك نەوشیروان بەم ئیمزایە مێژووی خۆی خستەژێر پرسیارو بزوتنەوەی ئۆپۆزسیۆنی لەكوردستان زۆر لەكەداركرد.
دوای ماوەیەكی درێژ لەململانێی نێوان هەردوو برا، كاكە حەمەو كاك عەبدوڵلای برای لەسەر میراتگریی حزب (حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان) بووە هۆی پێكدادانی چەكداریی، چونكە كاكە حەمە كوڕەكەی هێنایە و بۆ دەركردنی برایەكەیشی كاك عەبدوڵلای حاجی مەحمود كۆنگرەیەكی رێكخست.
ئەو ململانێیەی ناو یەكێتیی و سۆسیالست، لەناو پارتی دیموكراتی كوردستانیش پێشترو ئێستاش بوونی هەیە، بەڵام ئەنجامەكان دیارن من پێموایە كاك مەسعود بارزانیی بڕیارو دەسەڵاتی ناوخۆی پارتی رادەستی كاك مەسرور بارزانیی كردووە، هەموو ئەگەرەكان بەو ئاراستەیەن لەقۆناغی داهاتوو كاك مەسرور دەبێتە سەرۆكی دیموكراتی كوردستان.
لە نووسینی سەرتیپ جەوهەر