شکستی بڕیارەکەی مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتە کەمتەرخەمەکەی هەرێمی کوردستان لەبری چارەسەرکردنی قەیرانە گەورەکانی وەک مووچە، بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی، بڕیاری هەرزانکردنی نانی دەرکرد، بڕیارێک کە تەنانەت لە هەولێری ناوەندی دەسەڵاتی پارتی و بارزانییەکانیشەوە جێبەجێ نەکرا و شکستی هێنا.

بەرپرسانی حکومەتی هەرێم یان باشترە بڵێین تیمەکەی پارتی لە حکومەت، هەوڵی ئەوەیان دەدا هەرزانکردنی نان بکەنە دەسکەوتێکی گەورە بۆ خۆیان، بەڵام بڕیارەکە لە لایەن نانەواخانەکانەوە جێبەجێ نەکرا و لە هیچ شوێنێکی هەرێم پێشوازیی لێنەکرا.

مەسرور بارزانی بڕیارێکی دەرکرد و وەک بڵێی پرۆژەیەکی ستراتیژیی جێبەجێ کردووە، ڕایگەیاند لە ساڵی نوێدا هەر 10 نان و سەموون دەکرێتە 1000 دینار. بڕیارەکە لە زووترین کاتدا کاردانەوە و هەڵوێستی توندی خاوەن نانەواخانەکانی لێکەوتەوە و بە ڕاشکاوانە ڕایانگەیاند کە پابەندی بڕیارەکە نابن.

بەرپرسانی حکومەت لە سەر جێبەجێکردنی بڕیارەکە بە تایبەت لە شاری هەولێر سور بوون و ئەوەش وایکرد کە خاوەنی نانەواخانەکان بڕژێنە سەر شەقام و ناڕەزایەتی دەرببڕن و ڕایانگەیاند کە ناچنە ژێر باری بڕیارەکەوە.

بەرپرسانی پارتی لە حکومەت و پارێزگای هەولێر هەڕەشەیان لە خاوەن نانەواخانەکان کرد و یەکێک لەوان بە ناوی ئیدریسی نانەوا دەستگیر و پاش پەشیمانکردنەوەی ئازاد کرا، هەرچەندە خەڵک دەزانن ئەو لە ژێر فشاری هێزە ئەمنییەکانی پارتیدا لە قسەکانی پاشگەز کرایەوە.

هەڕەشە و فشارەکانی بەرپرسانی پارتی لە حکومەت وایکرد کە 610 نانەواخانەی هەولێر مانگرتنیان لە ئیشکردن ڕاگەیاند و دووبارە ڕایانگەیاند ناچنە ژێر باری فشارەکانەوە و 10 نان هیچ کات ناکرێتە 1000 دینار.

لە ئێستادا 8 نان بە 1000 دینار دەفرۆشرێت و لە تەواوی هەرێمی کوردستانیش هیچ نانەواخانەیەک بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەتی جێبەجێ نەکردووە.