شپرزەیی دۆخی کورد لە کەرکوک
لە 1 ی تەمموزەوە بۆ ماوەی مانگێک دەرگای تۆمارکردنی قەوارەی سیاسی و هاوپەیمانی لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرایەوە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان.
چوار لایەنی کوردی بۆ بەشداری لەم هەڵبژاردنانە خۆیان یەکلایی کردووەتەوە کە بریتین لە پارتی، یەکێتی، نەوەی نوێ و لیستەکەی لاهور شێخ جەنگی.
پارتی لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکوک، سەڵاحەدین، دیالە، بەغدا و واست بەشداری دەکات و چاوی لە بردنی کورسی کۆتای کوردانی فەیلییە لە بەغدا و واست.
یەکێتی لە پارێزگاکانی کەرکوک، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و بەغدا بەشداری دەکات.
پارتی لە سەر زاری کەمال ناکەرکوکییەوە ئەوەی ڕاگەیاندووە کە لە هەموو ناوچەکان بە تایبەت لە پارێزگای کەرکوک ناچێتە لیستێکەوە کە یەکێتی تێدا بێت و یەکێتی بەوە تۆمەتبار کردووە کە هۆکاری ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 بووە.
یەکێتیش ڤیتۆی لە سەر لاهور شێخ جەنگی هەیە و بە یەک لیست لە گەڵیدا ناچێتە هەڵبژاردنەکانەوە.
نەوەی نوێ ڤیتۆی لە سەر هەموو حیزبەکان هەیە و بە جیا بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکات.
ئەوەی ڕوونە تا ئێستا چوار لیستی کوردی سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بە تایبەت لە کەرکوک و تا ئێستا هەر یەک لە بزوتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی، بزوتنەوەی ئیسلامی، پارتی سۆسیال دیمۆکرات، حیزبی شیوعی و زەحمەتکێشان کە بارەگا و ڕێکخستنیان لە کەرکوکدا هەیە بڕیاریان نەداوە شێوازی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا چۆن دەبێت. ڕەنگە لایەنەکانی وەک پارتی سۆسیال دیمۆکرات لە بەر نزیکی و وەرگرتنی بودجە و مووچە لە لایەن پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە ببنە بەشێک لە لیستەکەی ئەو حیزبە.
هەر یەک لە پارتی و یەکێتی پاش بێهواییان لە یەکتر پەنا بۆ کەسایەتییەکانی عەرەب و تورکمان و هەندێک لایەنی ناو ئەو دوو پێکهاتەیە دەبەن بە ئامانجی بە دەستهێنانی دەنگی زیاتر و پارە و داهاتی کوردستان لەو ڕێگایەدا بەکار دەهێنن.