شاند و شاندکارییەکەی هەرێم!

حکومەتی ناوەندی عێراق دەرگاکان بە یەکجاری بە ڕووی هەرێمی کوردستاندا دادەخات و ڕایگەیاندووە کە ئیتر شاند و شاندکاری بەسە.

بەغدا بە هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە کە چیتر ئەوەندە کاتمان نەگرن. لە ئێستادا پرسیاری ئەوە هاتووەتە پێشەوە کە ئایا حکومەتی عێراق بە یەکجاری هەموو ڕێگاکان بە ڕووی کوردستاندا دادەخات؟

هەر شاندی حکومەتی هەرێمە و بەرەو بەغدا بەڕێ دەکەوێت، بەڵام هاووڵاتیانی هەرێم دەپرسن کە ئەو شاندانە چییان بۆ هەرێم و مووچەخۆران و داهاتووەکەی هێناوەتەوە؟

لە دوای ساڵی 2014 و دروستبوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان، شاندەکانی هەرێم ڕێگای بەغدایان کردووەتە ڕێگای کانی، بەڵام کەمترین دەسکەوتیان بۆ هەرێمی کوردستان نەبووە و تا دێت هەژموونی عێراق بە سەر هەرێمەوە زیاد دەکەن.

بەرهەمی ئەو شاندانە بە پێی قسەی چاودێرانی سیاسی ئەوە بووە کە سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی هەرێمیان ڕادەستی بەغدا کردووە بەڵام هێشتا گەرەنتی مووچەیەکی مانگانەی بێ ترسی فەرمانبەرانیان نەکردووە، ئەوە جگە لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق کە هەر کات هەرێم داواکارییەکی زیاتر بکات ڕاستەوخۆ دامەزراوەیەکی هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا بەغدا ڕێگریی لە چوونی شاندی هەرێم کرد و ڕایگەیاند کە ئەوانەی داوا دەکرێن پێویستیان بە هاتنی شاند نییە، بەڵکوو پێویستی بە ناردنی داتا و زانیارییە، بۆیە شاندەکەی هەرێم نەچووە بەغدا.

بەرپرسانی عێراقی ڕایانگەیاندووە کە لەوە تێناگەین حکومەتی هەرێم ئەم هەموو شاندە بۆ ڕەوانەی بەغدا دەکات؟ ئەوان ڕایانگەیاندووە کە هاتنی شاندەکانی هەرێم تەنیا بۆ کات کوشتنە و داواکارییەکانی ناوەند لە هەرێمی کوردستان هێندە ڕوونن کە پێویستیان بە ناردنی شاند نییە.

هەرێمی کوردستان یەک ئامانجی هەیە و ئەویش یاریکردنە بە کات لە گەڵ بەغدا، بەڵام بارودۆخی هەرێمی کوردستان و بژێوی ژیانی مووچەخۆران هاوکار نییە و پێویست بە شاندیش نییە بچێتە بەغدا بەڵکوو دەکرێت بە ڕێگەی ئیمێلێک داواکارییەکانی حکومەتی عێراق لە هەولێرەوە ڕەوانە بکرێت.