شاندەکەی هەرێم بۆ سواڵە مووچە ئامادە دەبێتەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان کە موفلیس بووە، تەواوی ئەرکی سەر شانی خۆیی بەرامبەر بە هاووڵاتیان خستووەتە ئەستۆی حکومەتی عێراق.

تا ئەو کاتەی کە نەوتەکەیان هەناردەی دەرەوە دەکرد و دزی و تاڵانکردن بەردەوام بوو، تەپڵی جیابوونەوەیان لە عێراق لێدەدا و حکومەتی بەغدایان بە دراوسێیەکی نوێ ناو دەبرد. ئێستا کە مایەپووچ بوون و هیچیان بە دەستەوە نەماوە دەڵێن بودجە و مووچە و نەوت و دەرمان و ئەم و ئەو دەبێت لە لایەن بەغداوە دابین بکرێت.

بڕیارە شاندەکەی حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ سواڵە مووچە جارێکیتر سەردانی بەغدا بکاتەوە و لە گەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی عێراق کۆببێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە بۆچوونی شارەزایان و تەنانەت بەرپرسانی باڵای حیزبە کوردییەکان، ئەوە حکومەتەکەی مەسرور بارزانییە کە پابەندییەکانی لە بەرامبەر بەغدا جێبەجێ ناکات تا حکومەتی عێراق پشکی بودجەی هەرێم و مووچەی مووچەخۆران ڕەوانە بکات.