شاسوار عەبدولواحید: تەواوی کوردستان لە لایەن مافیاوە بەڕێوە دەبرێت

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ جارێکی دیکە ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان لە لایەن کۆمەڵە مافیایەکەوە بەڕێوە دەبرێت.

شاسوار عەبدولواحید لە یادی بنیاتنانی شاری سلێمانی پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە سلێمانی و تەواوی کوردستان لە لایەن کۆمەڵێک مافیا و قەوتە بەڕێوە دەبرێن، سامانی سەر و ژێر ئەرز دەدزن و سنورەکانی تاڵان دەکەن، ناو بازاڕی سلێمانی و شارەکانی دیکەی وێران بووە لە بێ بازاڕی و سەرانەسەندن لە کاسبکار و دووکاندار، خوێندن و پەروەردە و زانکۆکانی سلێمانی و تەواوی هەرێم وێران بووە و بە حیزبی کراون لە سەردەمی حوکمی ئەمانەدا.

ئاماژەی بەوەشدا کە نەخۆشخانەکانی سلێمانی خەڵک چارەسەر ناکەن و دەبێت خەڵک بە پارە لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان چارەسەر وەربگرن.

ڕاشیگەیاند کە لە سەردەمی حکومڕانی ئەم قەوتانەدا دەیان گەنجی بێتاوانی ئەم شارە بە گولەی پارتی و یەکێتی کوژراون لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا، چەندین ڕۆژنامەنووس تیرۆر کراون، ئێستاش بە شەو و ڕۆژ خەریکی دزی و تاڵانن.