سەڵاحەدین بەهائەدین: پارتی و یەکێتی ناتوانن بە بێ سوڵتە و تورەکەی پارە بژین و بمێننەوە

لە درێژەی ڕەخنەکان و باسکردنی ڕاستییەکانی هەرێمی کوردستان، سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمجارەش دەسەڵاتی هەرێمی بە شکستخواردوو ناوبردووە و ڕایگەیاندووە کە بە کەڵکی ئیدارەدانی هەرێم نایەت.

ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە گردبوونەوەیەکی حیزبەکەیدا وتی کە 33 ساڵ حوکمی پڕ لە شکستی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و لایەنە باڵادەستەکانی ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەم دەسەڵاتە پڕ لە قەیرانە کەڵکی ئیدارەدانی خەڵک و قەوارەی هەرێمیان نەماوە.

ناوبراو بە ئاماژە بە بارودۆخی کوردستان، وتی: ئەمڕۆ بارودۆخی هەرێمی کوردستان و پێگەی هەرێم لە هەموو کاتێک خەراپترە و پارتی و یەکێتیش ناتوانن بە بێ سوڵتە و تورەکەی پارە بژین و بمێننەوە.

ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی کوردستانیش وتی کە یەکێتی و پارتی ترسیان لە هەڵبژاردن و لەدەستدانی دەسەڵات هەیە و ئەگەر فشاریان لە سەر نەبێت حەزیان لە هەڵبژاردنەکان نییە.