سەنگەر گواستنەوە گەیشتە شاعیر و هونەرمەند و مەلاکانی کوردستان

ساڵانێکە لە هەرێمی کوردستان سەنگەر گواستنەوە بۆ کەسە سیاسی و سەربازییەکان بابەتێکی باوە و پارتی و یەکێتی بە دەیان کەسی یەکتر و تەنانەت لە حیزبەکانی دیکەیان بە پارە و ئیمتیاز کڕیوە و ئێستا دۆخەکە هێندە ئاڵۆز بووە کە گەیشتووەتە شاعیر و هونەرمەند و مەلاکانیش.

ململانێی پارتی و یەکێتی گەیشتە سەنگەر گواستنەوەی شاعیر و هونەرمەند و مەلاکان. بافڵ تاڵەبانی بۆ وەڵامی داواکارییەکەی فەرهاند پیرباڵی دایەوە؟ نووسەران، مەلا و سیاسییەکان لە نێو گەمەکەدان. لە خەراپی دۆخی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی کێ زەرەرمەند و کێ سوودمەندە؟

کێشە و ئاریشە توند و دوور و درێژەکانی نێوان پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەر ئیدارەدانی هەرێم و هەژموون و دەسەڵات گەیشتووەتە ئەوپەڕی خەراپی. هەر یەک لەوان بۆ بێزارکردن و دەنەدانی بەرامبەرەکەی دەست بۆ هەموو شت و هەموو کارتێک دەبات، بە سەربازی و هونەری و ئیدارییەوە تا دەگاتە میدیایی و تەنانەت کۆمەڵایەتی و هەڵدانەوەی فایل و مەلەفەکانی یەکتر.

هەر یەک لەوان لە پێناو ڕاکێشانی سۆزی لایەنگرانیان و فشارخستنە سەر بەرامبەرەکەیان بۆ لاوازکردنی یەکتر دەست بۆ یەکێتی و پارتیکردنی هەموو ئەو کەسانە دەبەن کە دەزانن لانیکەم ناوێکیان هەیە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چاوپێکەوتنێکی فەرهاد پیرباڵ بڵاو کرایەوە کە تێیدا داوا دەکات بافڵ تاڵەبانی ڕێگەی پێبدات کتێبخانە بێنازەکەی بگوازێتەوە بۆ سلێمانی. تەنیا پەنجا خولەک پاش چاوپێکەوتنەکە بافڵ تاڵەبانی ئامادەیی پیشاندا و وتی کە داواکارییەکانی فەرهاد پیرباڵ لە سەر سەرمانە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر شانۆگەرییەکەی سلێمانی، کاتێک لە لایەن قوباد تاڵەبانییەوە قەدەغەی چالاکییەکانیان کرا و لە هەولێر ئومێد خۆشناو پێشوازیی لەوان کرد.

ئەم کێبڕکێیەش بە ڕاکێشانی مەلا و مۆدێل و هونەرمەند و شاعیر و کەسایەتییە سەربازییەکان و وەزیر و پلەدارەکانی حکومەت دەستیپێکردووە، یان ئەو ناوانەی کە دیار و کاریگەرن لە حیزبدا. بۆ نموونە، ساڵی ڕابردوو پارتی دیمۆکراتی کوردستان عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک هەڵسووڕاوی دیاری بزوتنەوەی گۆڕانی لە دەڤەری چەمچەماڵ، کوڕانی موراد کانی کوردەیی و چەند سەرۆک هۆزێکی گەرمیانی بە بەڵێنی پلە و پۆست و چەکدارکردن ڕاکێشا و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بێدەنگ نەبوو و پێشتر جەوهەر ئاغای هەرکی هێنا و دواتر ڕۆڵ و کاریگەری کوڕانی کەریم خانی برادۆستیی لە حیزبدا زیاتر کرد بە ئامانجی تۆڵەکردنەوە و ڕێگری لە دەستڕۆیشتوویی پارتی لە هەندێک ناوچە.

یەکێتی لە کاردانەوەی بەرامبەر بە هەنگاوەکانی پارتی، ئەدهەم بارزانی ئامۆزای مەسعود بارزانی و ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی ئەو حیزبەی لە سلێمانی وەرگرت و بە گەرمی پێشوازیی لە کار و چالاکییەکانی کرد.

یەکێتی لە درێژەی چالاکییەکانی چەندین هونەرمەند و مەلای دیاری هەولێری خستە ڕیزەکانی خۆی و لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە مەلا مەزهەر خۆراسانی کرا کە پێشتر لە وتاردان لە هەولێر دوورخرابووە.

لە کاتی گرژی و ململانێکانی هەر دوو پارتە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمی کوردستان خەڵکانێک تووشی زیان دەبن و خەڵکانی دیکەش سوودمەند دەبن و سەنگەر گواستنەوە دەبێتە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ ئەوان.