سەلاحەدین بەهائەدین: 30 ساڵە حکومڕانی هەرێم هەڵەیە

ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وتی کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان وا دەزانن تا ڕۆژی دوایی لە سەر دەسەڵات دەمێننەوە بەڵام وا نییە.

سەلاحەدین بەهائەدین لە کۆبوونەوەیەکی حیزبیدا دیسانەوە ڕەخنەی لە پارتی و یەکێتی گرتەوە و ڕایگەیاند کە ئەوان نە خۆیان تیماری دەردی خۆیان دەکەن و نە ڕێگەش دەدەن تیماری دەردیان بکەین.

ناوبراو وتی کە یەکگرتووی ئیسلامی بۆ گۆڕانکاری جیدی، دەیان کاندیدی شیاو و لێهاتووی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان ئامادە کردووە و دەمانەوێت گۆڕانکاری جیدی بخوڵقێنین.

ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی وتی کە لە سایەی حوکم و حوکمڕانی هەڵەی 30 ساڵەی ڕابردوو ئاسۆی گەش و ڕوون بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان بەدی ناکرێت.

سەلاحەدین بەهائەدین وتی کە بەشداری چالاکانەی هاووڵاتیان لە ڕۆژی دەنگدان بڕیار لە مانەوەی دەسەڵاتداران یان لابردنیان دەدەن.