سەفا و مەروەی شاندەکەی هەرێم

دەیان جارە شاندێکی دانوستانکار لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەردانی بەغدا دەکات و لە گەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق لە سەر پرسی مووچە و بودجە کۆدەبێتەوە بەڵام هیچ دەسکەوتێکی نەبووە.

لە بنەڕەتدا کێشەی شاندەکەی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە دەسەڵاتی تەواوی پێنەدراوە و تەنیا قسە هێنەر و قسەبەری نێوان مەسرور بارزانی و بەرپرسانی حکومەتی عێراقە، هەر ئەمەش وایکردووە کە چوونی شاندەکە بۆ بەغدا و گەڕانەوەی بۆ هەولێر هیچ ئامانجێکی خەڵکی کوردستانی مسۆگەر نەکات.

لە کاتێکدا کە هەمووان چاوەڕوانی هاتنی 700 ملیار دینارەکەی بەغدا بوون و چەندین ڕۆژ بە سەر وادە دیاریکراوەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش تێپەڕ بووە، بەڵام لە پارەکەی بەغدا هیچ هەواڵێک نییە و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمیش لە بەر مووچەخۆران ناوێرن باسی هۆکاری نەهاتنی ئەو پارەیە بکەن.

حکومەتی هەرێم هێشتا کۆتا بەشی قەرزە 700 ملیارییەکەی وەرنەگرتووە کەچی شاندەکەی سەردانی بەغدا دەکات بۆ داواکردنی سێ قەرزی دیکەی 700 ملیار دیناری بۆ دابەشکردنی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ.

حکومەتی هەرێم لە بری ئەوەی ڕاستییەکان بۆ خەڵک و مووچەخۆران ئاشکرا بکات، هەوڵی سەرقاڵکردنی خەڵک دەدات کە داوای سێ قەرزیان لە حکومەتی بەغدا بۆ مووچە کردووە.

کێشەکە لەوەدایە کە ئەو سێ قەرزەی حکومەتی عێراق بە بڕی هەر جار 700 ملیار بۆ هەرێمی کوردستانی دیاری کردووە و تا ئێستا دوو بەشی نێردراوە، بۆ پێدانی مووچەی مانگەکانی 9 و 10 و 11 بووە بەڵام حکومەت مووچەی مانگەکانی 7 و 8 ی پێ دابەش کردووە و بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 9 چاوەڕوانی هاتنی 700 ملیارە سێهەمەکەیە.

داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم نزیکەی 347 ملیار دینارە و دەسەڵاتداران هیچ ئاماژەیەک بە داهاتە نەوتییەکان نادەن. لە بەرهەمی نەوتی هەرێم 85 هەزار بەرمیلی بە حکومەتی عێراق دەدرێت و ئەوی دیکەی دیار نییە چۆن و بە چی دەفرۆشرێت.

حکومەتی هەرێم تەنیا لە ناردنی شاند بۆ لای حکومەتی عێراق شارەزایە و بەردەوام ئەو شاندە لە نێوان هەولێر و بەغدایە.