سەعید سەحافەکەی هەرێم: کێشەی مووچە چارەسەر نابێت

وتەبێژی حکومەتە خۆڕاگرەکەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە هەموو شتێک ڕادەستی حکومەتی عێراق کراوە بەڵام بەغدا پەیوەستی ڕێکەوتنی هاوبەش نەبووە.

پێشەوا هەورامانی لەم ماوە کەمەدا کە وەک وتەبێژی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی دەستنیشان کراوە، لە بەر ناشارەزایی بە سەید سەحافی کوردی ناسراوە. ئەو ڕایگەیاندووە کە نازانێت حکومەتی هەرێم دەبێت چیتر بکات بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆڕانی کورد بنێردرێت و نابێت حکومەتی عێراق چیتر ئەم بابەتە بکاتە کارتێکی سیاسی و فشارێک بۆ برسیکردنی خەڵکی هەرێم.

پێشەوا هەورامانی ڕایگەیاندووە کە حکومەتی هەرێم نییەتێکی باش لە پشتەوەی ئەم بابەتە نابینێت.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە کە تا حکومەتی عێراق پابەندی ڕێکەوتنی مووچە نەبێت، کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر نابێت.