سەعدی پیرە هەمووشتێکی وت؛ حکومەتی هەرێم بێتوانایە و خەڵک بڕوایان پێی نەماوە

وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕەخنەی توند لە بەرپرسانی هەرێم دەگرێت و دەڵێت، ئەگەر حكومەتێكمان هەبێت و نەتوانێت مووچە بدات، ئەوە بەڵگەی بێتوانایی ئەو حكومەتەیە.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەمڕۆ شەمە ٨ی حوزەیران، سەبارەت بە نەدانی مووچە و جیاوازی هەژماری من و تەوتین ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم کرد و وتی، جیاوازی “تەوتین” و “هەژماری من” جیاوازییەكی زۆر روونە، “تەوتین” ئەوەیە پارە بەبێ هاتن بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بچێتە سەر هەژماری مووچەخۆران، بەڵام “هەژماری من” ئەوەیە پارە بێت بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و بچین لەو بانكە وەریبگریت كە حكومەت دەیەوێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە، روونیشیكردەوە، خەڵك تەجرووبەیەكی خراپی لەگەڵ وەزارەتی دارایی خۆمان هەیە و كلك و گوێی مووچەیان زۆر كردووە بەناوی قەرز و چەندین شتی دیكە، بۆیە بڕوایان پێی نەماوە، بڕواناكەن مووچەكانیان بگاتە دەستیان، بۆیە ئەمڕۆ خەڵك بارودۆخێكی وای بۆ دروستبووە هیوایان وایە مووچە لە بانكەكانی عێراقەوە وەربگرن.

لەبارەی هەڵبژاردنەوە، سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەكرد، رێگریکردن لە هەڵبژاردن و خۆبەستنەوە بە ئارەزووى نادروست و پشت بەستن بە ساختەکاری، هەرێمى کوردستان بەرەو هەڵدێر دەبات، مشتومڕەکانى چەند رۆژى رابردوو لەسەر کردن و نەکردنى هەڵبژاردن، بەهیچ جۆرێک لە بەرژەوەندى رەوشى هەرێمى کوردستاندا نییە.وتەکانی وتەبێژی یەکێتی لە کاتێکدایە هێزە ئەمنیەکان دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و مووچەخۆرانی هەرێمیش، چاوەڕێی مووچەی مانگی ئایارن و چاودێران و لایەنە سیاسیەکان پێیان وایە هەژماری من هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی مووچەیە.