سەعدی پیرە: برادەران وەك ڕەئوفییان لێهاتبوو، هەر كێیان دەهێنا یا عەرەب یا خەڵكی رۆژئاوا دەردەچوو
سەعدی پیرە لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسی لەبارەی جموجۆڵەكانی پارتی لە هەولێر لە رۆژی 31ی ئاب كردییان، ڕایگەیاند “پێمان سەیر بوو برادەران لە رۆژی 31ی ئاب ئەو جموجۆڵەیان هەبوو، بەڵام وەك ڕەئوفییان لێهاتبوو، هەر كامێكیان دەهێنا یا عەرەب دەردەچوو، یا خەڵكی رۆژئاوا”.
رۆژی 31ی ئاب، ژمارەیەك لایەنگری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پشتیوانی لە حیزبەكەیان لە بەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبونەوەو میدیاكانی ئەو حیزبەش بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ ڕوماڵی ئەو چاڵاكییەیان كرد، بەڵام كاتێك یەكێك لە پەیامنێرەكان ویستی پرسیار لە یەكێك لە لایەنگرانی پارتی بكات، ئەو كەسە وتی من عەرەبم، بۆ ئێوارەی هەمان ڕۆژ دوبارە لایەنگرانی پارتی لەبەردەم قەڵای هەولێر كۆبونەوە، دوبارە لە پەخشی ڕاستەوخۆ یەكێك لە لایەنگرانی پارتی وتی من خەڵكی رۆژئاوای كوردستانم.
مەبەستی سەعدی پیرە لە بەكارهێنانی دەستەواژەی عەرەب و رۆژئاوا ئاماژە كردن بوو بۆ ئەو دوو ڕووداوە. لەهەمان كات بەكارهێنانی دەستەواژەی ڕەئوف، مەبەستی ئەو دەستەواژەیە بوو كە لە سۆشیال میدیا كورتە تەمسیلییەكی كۆمیدی هەیە كە یەكێك لە ئەكتەرە كۆمیدییەكان بانگی ئەكتەرێكی دیكە دەكات و پێی دەڵێت ڕەئوف حەیامان چوو یا نا؟ ئەمە بووە بە ترێند لە سۆشیال میدیا.
سەعدی پیرە بە بەكارهێنانی ئەو دەستەواژانە ئەم كارانەی پارتی بە حەیاچوون ناوبرد كە لە بەرامبەر حیزبەكەی كردوویەتی.