سەرەی قسەکردنی جوتیار عادل گەیشتەوە و باسی مووچە دەکات

حکومەتێک بە دوو وتەبێژەوە کە هەموو کات هەوڵی زاڵبوون بە سەر یەکتردا دەدەن، هەر دەبێت ئەمە بارودۆخی بێت کە بەردەوام هەواڵی درۆ و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و چەواشەکردن بەشێکی هەرە زۆری کار و چالاکییەکانی ئەوانە.

لە ئێستادا کە هەواڵی مووچە بووەتە پڕ بینەرترین و پڕ خوێنەرترین هەواڵی میدیاکانی کوردستان، جوتیار عادل یەکێک لە دەبڵ وتەبێژەکانی حکومەتە خۆڕاگرەکە کەوتووەتەوە قسە و ڕایگەیاندووە کە ئەگەر پارە لە بەغداوە بێت مووچە دابەش دەکرێت.

جەنابی پڕۆفیسۆر، هەر گەمژەیەکیش ئەوە دەزانێت کە پارە لە بەغداوە بێت مووچە دەبێت دابەش بکرێت و کۆمەڵگەی کوردستان بەرگەی ئەوە ناگرێت بەم دۆخە داراییەوە بمێنێتەوە.

ئێوە کە بە سەرە قسە دەکەن و لێدوان دەدەن، ئەوە بۆ خەڵک ڕوون بکەنەوە کە هۆکاری نەهاتنی پارەکە چییە؟ دیسانەوە ڕێکەوتنە لەرزۆکەکەی هەولێر و بەغدا تووشی کێشە بووە؟ بە هۆی تورکیا و ڕێکەوتنە 50 ساڵەکەوە ناتوانن بەڵێنەکان لە بەرامبەر بەغدا ببەنەسەر؟ خەڵک تاکەی لە چاوەڕوانی قەرزەکەی بەغدا بێت؟

دیارە ئەوەی کە باس لە هاتنی دەکرێت قەرزە نەک پشک و مافی هەرێمی کوردستان، مافی خەڵکی هەرێم زۆر دەمێکە لای دەسەڵاتەوە زەوت و پێشێل کراوە.