سەرۆک و جێگر دیسانەوە شەڕیانە

لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی پەیوەندییەکی ئاڵۆزیان هەبووە و جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ ماوەی زیاتر لە 6 مانگ بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد و دواتر بە هەوڵێکی ئەمریکییەکان ئاشتبوونەوە بەڵام ئەمەش بەردەوام نەبوو و دیسانەوە شەڕ گەیشتەوە کابینەی حکومەتی هەرێم.

شەڕی نێوان سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر دانانی وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت، گەرمتر بووە. پێش تەواوبوونی وادەکەی ئەمریکا بۆ دانانی وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی بڕیاریدا دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو پۆستەش دەستنیشان بکرێت تا ئیش و کاری وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوە ببات.

هەنگاوەکە بووەتە هۆکاری سەرهەڵدانی گەڕێکی نوێی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، ئەویش بە هۆی ئەوەی کە قوباد تاڵەبانی بە بێ گەڕانەوە بۆ مەسرور بارزانی بڕیارەکەی داوە.

تا ئێستا ڕوون نییە کە بۆ مەسرور بارزانی دژی دانانی دارا ڕەشیدە وەک وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت؟ بەڵام تا ئێستا لە ڕێگەی بریکاری وەزیری پێشمەرگەوە چەندین بڕیاری لە دژی یەکێتی داوە لەو وەزارەتە و بەو هۆیەوە ناکۆکی قووڵ کەوتووەتە نێوان ئەو دوو حیزبەوە.

هەر زوو لە دوای بڕیارەکەی قوباد تاڵەبانی، کۆنسووڵی ئەمریکا لە هەولێر سەردانی دارا ڕەشیدی کرد و پشتیوانی خۆی و وڵاتەکەیی بۆ ڕاگەیاند. دوای ئەو هەنگاوەش پێناچێت مەسرور بارزانی و تیمەکەی بتوانن ڤیتۆ بەرامبەر بە ناوبراو بەکار بێنن.

دانانی وەزیری پێشمەرگە یەکێکە لە مەرجەکانی بەردەوامی هاوکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ ئەو وەزارەتە و مەرجی دووەمیش بەسراوەتەوە بە چاکسازی و یەکگرتنی هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە پارتی و یەکێتی کە ئەگەرێکی زۆر لاوازە ئەمەیان سەر بگرێت.

ئەمەیە حاڵی پەیوەندییەکانی نێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی و بە درێژایی زیاتر لە چوار ساڵی ڕابردوو تەنیا ئەمجارە بۆ دانوستانەکانی بودجە و مووچە بە یەک شاند چوونە بەغدا کە ئەوەش زۆری نەخایاند و دیسانەوە شەڕی هەر دوو لا بووەتەوە بە بابەتی گەرمی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.